دوای ئەو بارودۆخە شێواوەی لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتەكایەوە كە بەباوەری ئێمە ئاكامی قەیرانی دەوڵەتی عێراق و بنبەستی ئەو پرۆسەی سیاسییە كە لەدوای 2003وە دەستیپێكرد، جارێكی دیكە رۆڵی دادگای ئیتحادی هاتەپێشەوە كە لە دەستورە گرفت هەڵگرەكەی دەوڵەتی عێراق لە2005دا هاتووە و بەپێی خودی ماددەی 92ی ئەو دەستورەش دەبوایە ئەنجومەنی نوێنەران بەرەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی، قانونی بۆ دەربكردایە و پێكهاتە و ئەندامانی هەڵبژێردرێتەوە، كەچی لەپێش بریاردانی دەستوری عێراق و تائێستا ئەو دادگایە و بەو ئەندامانەی، كارەكانی خۆی دەكا كە ئەمەش پێچەوانەی خودی دەستورە و لەم هەلومەرجە ئاڵوزەشدا بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بوونی تەزویر و سوتاندنی سوندوقی هەزاران ویستگە لەبەغدا، ئەم دادگایە وەك مەرجەعێك لەلایەن هێزە سیاسییەكان و بەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت لەمەر پرسەكانی هەلبژاردن بریاری یەكلاكەرەوە دەدات.

هەڵبەتە لە هەلومەرجێكی سیاسی وەك ئەوەی لەعێراقدا دەگوزەرێ و تەنانەت لەسەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەراستدا باسكردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی خەونێكی خۆش و شیرینە، بەڵام بەشێوەی كرداری هاوڵاتی بریارەكانی ئەم جۆرە دەسەڵاتە دادوەرییە و چۆنێتی هەلبژاردنی كەسەكانی دەزانێت، بەنیسبەت دادگای ئیتحادی عێراق ئاراستەی سیاسی لەبریارەكانی ئێجگار زەقبووە، بۆنمونە بریاری ئەوەی فراكسیۆنی زۆربە نەك لەئاكامی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن درووستدەبێت، بەڵكو بەدامەزراندنی ئەو فراكسیۆنە لەیەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵبەتە مەبەستی بریارەكە لەو كاتەدا ماوەنەدان بوو بەئەیاد علاوی كە زۆربەی دەنگەكانی لەهەڵبژاردندا بەدەستهێنابوو، هەڵوێستی سیاسی ئەم دادگایە دژ بەڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان شێوازێكی دیكەی سەروەری و باڵابوونی بۆچونی سیاسیبوو لەسەر ئاراستە قانونییەكان.

بریاری دادگای ئیتحادی لەمەر هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن شێوازێكی دیكەی رەنگدانەوەی سازشی سیاسی بوو، بەبپَی ئەم بریارە ژماردنی دەنگەكان تەنها ئەو وێستگانە دەگرێتەوە كە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە و دەنگی تایبەتی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی عێراق پوچەڵ ناكرێت وەك ئەوەی لەهەمواركردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتبوو، ئەوەی گرنگە كە لایەنە كوردستانییەكان لەهەڵوێستوەرگرتن لەبریارەكانی دادگای ئیتحادی ئەویان لەبەرچاو بێت كە بەشێكی ئەم بریارە لەبەرژەوەندی لایەنێكە یان تەواوی لایەنەكانە. 

دادگای ئیتحادی لەم بڕیارەیدا هەندێ پرنسیپی هێناوەتە پێشەوە كە گرنگە لایەنە كوردستانییەكان بەجیدی دراسەتی بكەن، لەوانە؛ مافی داوە كە ئەنجومەنی نوێنەران لەكۆبونەوەی (ئیستسنائی) یاسا بڕیاربدەن، ئەنجومەنی نوێنەران دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێش راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردن، مافی ئەوەی هەیە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكەن، نەناردنی یاسا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رەزامەندی سەرۆك كۆمار كە ئەمەش بەپێچەوانەی دەستورە.

دادگای ئیتحادی تەنها جەختی لەسەر دەقی ماددەی 14 و ماددەی 20ی دەستوری عێراق كردۆتەوە كاتێك رازی نەبوو كە دەنگدانی دەرەوە و دەنگدانی تایبەت لەهەرێمدا پوچەڵ بكرێَتەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەهەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، بڕیاردرابوو.

دەمێنێتەوە جەخت لەوە بكەینەوە كە لایەنە كوردستانییەكان كاتێك خاڵێكی بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی لەبەرژەوەندییان بوو، باش نییە لەسەر تەواوی ئاواز و ریتمی دادگای ئیتحادی هەڵپەركێ بكەن، بوونی ئەو دادگایە بەپێی خودی ئەم دەستورە قەیراناوییەی عێراق دەخرێتە بازنەی شەرعیەت و ناشەرعیەت، كاتێك لە ناوەڕاست و باشوری عێراق خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ چاكسازی ئەنجامدرا، دروشمی خۆپیشاندەران هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایەبوو.

لەماوەیەكی نزیكدا دادگای ئیتحادی بڕیار لەسەر ئەو داوایەی حكومەتی عێراق دژ بەهەرێمی كوردستان دەدات سەبارەت بەناردنی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات!

د. كاوە محمود