بۆ ئەوەی بزانین شوناس و تێكۆشانی سیاسییمان بەچ ئاكامێكمان دەگەیەنێت، ئەنجامدانی ئەركە سیاسییەكان بەشێوەیەكی كردەیی، پێویستی بەهەڵسەنگاندن هەمەلایەنی كار و بنەمای فیكری خۆمان هەیە، پرسیارێكی گرنگ لێمان دەكرێت؛ بەوازهێنانی ئێمە وەك حزبی شیوعی لەشوناسی چینایەتی و نیشتمانی و فیكری خۆمان، ئایا دەتوانین ئەو ئاستەنگانەی كە لەتێكۆشان رووبەڕووی حزبمان دەبێتەوە، چارەسەربكەین؟! 

هەندێ كەس بیری لەوە دەكاتەوە كە ئێمە بەوازهێنان لەناو و لۆگۆی حزب و هەندێ دروشم، دەتوانین بەرەو رووی ئاستەنگەكان ببینەوە؟ واقیعی ژیان بۆی دەرخستوین كە مەبەست لەو بۆچونانە پەیوەندییان بەناو و دروشمەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەفشار خستنە بۆ وازهینان لەشوناس.

ئەزمونی چەندین ساڵەی بزوتنەوی سوسیالستی زانستی دەریخستووە كە وازهێنان لەشوناس، قەیرانی ئێمە چارەسەر ناكات، بەڵكو بەپێجەوانەوە جەختكردنەوە لەسەر شوناس و گەڕانەوە بۆ میتۆدی ماركسی و سوود وەرگرتن لەئەزموونی سۆشیالیستی و بەستنەوەی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە بەژیانی رۆژانەی خۆمان دوور لەدۆگما و وەڵامدانەوەی واقیعبینانەی ئەو پرسیارە ئاڵۆزانەی كە رۆژانە كۆمەڵگا دەیخاتە بەردەمی ئێمە، دەتوانێت قەیرانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی چارەسەر بكات و هەنگاوەكانمان بۆ ئەنجامدانی ئەركە نیشتمانی و چینایەتییەكان بتەوتربكات، جەختكردنەوەمان لەسەر سوشیالستی مانای پشتبەستنە بەبیری سۆشیالستی بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی ئەم قۆناغە كە لەلایەك قۆناغی رزگاری نیشتمانییە كە لەسەربەخۆیی و مافی بڕیاردانی چارەنوس بەرجەستە دەبێت و لەلایەكی ترەوە، تەواوكردنی ئەركەكانی شۆڕشی نیشتمانی دیموكراتییە كە پەیوەندی بەئازادی و دیموكراتیزەكردنی دەسەڵات و كۆمەڵگا و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و داكۆكیكردن لەبەرژەوەندی رەنجدەرانی بیروبازوە، لەبواری ئابوریشدا بێویستی بەڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتی لیبڕاڵیزمی نوێ و فرۆشتنی هەموو كەرتەكانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بەكەرتی تایبەت و بەستنەوەی پڕۆسەی گەشەپێدان بەبەرژەوەندییەكانی‌ كەرتی تایبەت هەیە.

لەئەنجامدانی ئەم ئەركانە دوو ئاڕاستە بەدیدەكرێت. ئاڕاستەی چەپ و ئاڕاستەی دیكەی رەوتی لیبراڵی كە سەرجەم حزبەكان كۆدەكاتەوە، ئەوەی لایەنەكانی رەوتی لیبراڵ لەیەكدی جیادەكاتەوە و ململانێی نێوانیاندا دروستدەكات، بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتییە، بەڵام لەچوارچێوەی هەڵبژاردەی سەرمایەداری، بەڵام ئێمەی شیوعی و چەپ لەڕەوتی لیبراڵی جیادەكاتەوە، پشتبەستنە بەبیری سۆشیالیستی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی.

كاتێك باسی تەواوكردنی ئەركەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی و رەهەندی ئازادییە دیموكراتییەكان دەكەین مانای ئەوە نییە خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە لیبراڵەكانی كوردستاندا نییە، بەڵام گرنگە حزبمان لەچ پێگەیەكی فیكرییەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی چینەكانی تردا دەكات، بەتایبەتی چینی بۆرژوای بچوك و بۆرژوای گەورە.

حزبمان لەروانگەی هەزری خۆیەوە و بەپشتبەستن بەپاراستنی سەربەخۆیی فیكری و سیاسی و رێكخراوەیی خۆی، لەبواری مامەڵەكردن بەگشتگیری، تەنانەت لەسیاسەتی هاوپەیمانیدا، مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا دەكات، بۆیە كاتێك لایەنێكی سیاسی لیبراڵ كە دەیەوێ هاوپەیمانیمان لەگەڵدا ببەستێت و هەندێ ئەركی دیموكراتی لەگەڵیدا لەم قۆناغەدا كۆماندەكاتەوە، بەڵام داوا لەحزبمان دەكات بچینە نێو قەوارە و ناو و لۆگوی ئەوەوە، ئەوا هەڵوێستمان قایل نەبونی كاری هاوپەیمانییە لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیە، چونكە قایلبون بەو ئاڕاستەیە لەدەستدانی سەربەخۆیی سیاسی و فیكری و رێكخراوەیی حزب دەگەیەنێت.

لەم هەلەمەرجدا و لەروانگەی ریزبەندی سیاسی كوردستان كاری هاوبەشی چەپ لەشەقام و بۆ خۆئامادەكردنی هەڵبژاردنەكان و بۆ كاری جەماوەری بەگشتی، ئەركێكی تێكۆشەرانەی پێویستە.

 

 

 هەڵگرانی بیری چەپ و سۆشیالستی لەنێو كۆمەڵگای كوردستان فراوانە و تەنها لەچوارچێوەی حزبی شیوعی كوردستاندا قەتیس ناكرێت، بیری چەپ كە بیریكی كۆمەڵگاییە لەلایەن شیوعییەكانەوە قۆرخناكرێت و چەندین گروپ و كەسایەتی دەگرێتەوە و دەبێ بەشێوەی چلۆنایەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، چەپبونی ئەو گروپانە و ئەو كەسایەتییانە پەیوەندی بەبەرنامەی سیاسی ئەوانەوە هەیە و ناكرێ بەپەیوەندیكردن لەگەڵ ئەواندا لەسەر بنەمای چەندایەتی و ژمارەوە بێت.

گومان لەوەدا نییە كە كاری هاوبەشی تێكۆشەرانەی چەپ و هەماهەنگی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای بەرنامە، دەكرێ و ئەمەش زەمینە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی خۆشدەكات.

 

 

د. كاوە مەحمود