لەرۆژەكانی هەفتەی رابردودا كەمپەینێك لەلایەن بەرپرسی راگەیاندنی حزبی شیوعی راگەیەنرا لەدژی بڕیاری داخستن و بەرگری لەمانەوەی تەلەفزیۆنی ئازادی (ئازادی تی ڤی) كە تاكە دەزگایەكی راگەیاندنی بینراوی حزبی شیوعی كوردستان و هەموو بەرەی چەپ و ئازادیخوازییە.

بە پێی بەیانەكەی ئەو كەمپەینە پارتی كە باڵادەستی تەواوی هەیە بەسەر بەناو حكومەتی هەریمدا بڕیاری داخستنی كەناڵی ئازادی داوە بەبەهانەی نەبونی مۆڵەتی كاری پەخش و راگەیاندن.

لە كاتێكدا ئەم كەناڵە وێڕای ئەوەی زیاتر لەدەیەیەكە ئازادانە كاری پەخش و راگەیاندن دەكات و بۆتە بڵندگۆیەكی ئازادانە بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی لەكرێكاران، زەحمەتكشان، بێكاران، قوتابیان، ژنان و هەروەها رەوتی بیری چەپ و ئازادیخوازی.

بەڕاستی دەكرێت بوترێت تاكە كاناڵێكی تی ڤییە كە سەرەڕای هەر رەخنە و كەموكوڕییەك كە هەبێت لێی، بۆتە كەناڵی دەنگی ئازاد لەچاو هەموو ئەو دەزگا راگەیاندنە زەبەلاحانەی كە بەدەستی چینی لۆمپەن بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی میلیشایییەوە لەكوردستان.

  ئەمە جگە لەوەی خاوەنە سیاسییەكەی ئەو كەناڵە كە حزبی شیوعی كوردستانە زیاتر لەبیست ساڵە كەم تا زۆر بەشێكبوە لەو قەوارەیەی پێی دەڵێن حكومەتی هەرێم و ئەو حزبە ئەوپەڕەكەی وەزیرێكی تیادا هەبوێت یان نا و هەموو جارێكیش بەشداریكردەوە لەو هەڵبژاردنانەی كە بەشی زۆری چەپی رادیكاڵی بەسیناریوی دادەنێن، بێگومان ئەم بەشدارییەی حزبی شیوعی و زۆرێك لەبەرنامە و سیاسەتەكانیشی هەمیشە بۆتە جێگای رەخنە و ناكۆكی لایەنە كۆمۆنست و چەپەكان.

بەڵام ئێستا بڕیاری داخستنی ئەم كەناڵە دوای خستنەڕوی ئەم راستیانە بەبڕیارێكی پێشێلكاری سیاسی و ئازادی بەیان و راگەیاندن دەزانین و هاوكات زیانێكی گەورەیە لەئازادی سیاسی و دەنگی ناڕەزایەتی جەماوەری ستەمدیدە و ئازادیخوازی لەكوردستان.

بۆیە پرسیارەكە لەم پرس و روداوەدا ئەوەیە؛ بۆ دەبێت بەهەموو توانایەكەوە داكۆكی لەمانەوەی ئەم كەناڵە بكەین و دژی بڕیاری داخستنی بین؟

 

بۆ وەڵام ئەم پرسیارە پێویست دەكات ئاماژە بە چەند خالێك بكەین:-

خاڵی یەكەم: ئەم كەناڵی تی ڤییە تاكە كەناڵێكی تی ڤییە بەهەموو كەموكوڕی و لاوازییەكی تەكنیكی و كارگێری و دارایی و پیشەیی و تەنانەت رێڕەوی سیاسی و فكریشەوە، بەڵام بۆتە ئامراز و بڵندگۆی دەست و دەنگی زۆرایەتی جەماوەری ستەملێكراو لەكرێكاران، بێكاران، دەسفرۆشان، هەژاران، ژنان و خوێندكاران و هاوكات گەیاندنی را و بۆچون و هەڵویست و فكر و كەلتوری چەپ و ئازادیخوازی و یەكسانیخوازی لەكۆمەڵگای كوردستاندا.

 

خۆ ئەگەر جەماوەری ستەملێكراو بەرەی چەپ و ئازادیخوازیش خاوەنی دەیان كەناڵی زەبەلاحی مێشك شۆرەوەی دواكەوتویی خێڵەكی وەك پارتی و یەكێتی و ئیسلامییەكانی هەبوایە، سەرەڕای پێویستی بەرگری لەئازادی سیاسی بەبێ قەید و بەند، بەڵام خەممان نەبوو، دەمان وت؛ ئەگەر بەهەر هۆیەكەوە ئەو كەناڵە دابخرێت هێشتا زۆری ترمان هەیە، بەڵام ئێستا هەیە و نییە هەر ئەم كەناڵەیە.

خاڵی دووەم: ئازادی تی ڤی بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا لەگەڵ زیاتر پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی جەماوەر دژی دەسەڵاتداران بەگشتی و دژی پارتی بەتایبەتی، هاوكات توندكردنەوەی دەنگی سەركوت لەلایەن دەسەڵاتەوە زیاتر سەنگی بەلای ناڕەزایەتیەكاندا هاتووە.

 بەتایبەتی هەندێك لەبەرنامە فكری و سیاسی و بانگشەكانیان زیاتر رادیكاڵ بۆتەوە، تەنانەت پەیامنیر و راگەیاندكارەكانیان زیاتر چونەتە ناو ناڕەزایەتییەكانەوە و دەنگیانی گەیاندۆتە رای گشتی... بۆ نمونە لەزۆربەی بۆنە و روداو و چالاكییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیش ئامادەبونە.

خاڵی سێهەم: توندكردنەوەی سیاسەتی سەركوت و داخستنی هەموو دەنگێكی ئازاد و رەخنەگر و ناڕازییە لەدژی دەسەڵات لەلایەن دوو لایەنە سەرەكییەكەی دەسەڵاتە و بەتایبەتی پارتییەوە لەخۆپێشاندانەكانی شوباتی 2011 زیاتربووە.

بۆ توند كردنەوەی سەركوتگەریش دەسەڵاتداران بەتایبەتی پارتی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا چ راستەوخۆ چ بەناوی حكومەتەوە زیاتر دەزگا جاسوسی و چەكداری و... لەم چەند ساڵەی دوایدا هەستیاركردۆتەوە و كردویانەتە ئامادەباشییەوە بۆ سەركوتی هەمەلایەنە، ئەوانیش وەك ئێمە باش دەزانن لەم چەند ساڵەوە ئەم كەناڵە زیاتر گرنگی بەدەنگی ناڕەزایەتییە بەرهەقەكانی خەڵكی ستەمدیدە دەدات لەدژی دەسەڵاتداران.

خاڵی چوارەم: من وای دەبینم كە پارتی راستییەك لەئێمە باشتر دەبینێت كە لەم چەند ساڵەی دواییدا رەوتی زیاتر چەپگەرا لەناو حزبی شیوعی كە خاوەنی ئەو كەناڵەیە زیاتر باڵادەستبوە لەچاو رەوتە میانەڕەوە ناسیونال وردە بۆرژواكەی حزب، ئەمەش لەئاكامی هەم ناڕەزایەتییەكانی خەڵك و هەم هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێك كادری رادیكالتر لەچاو كادر و رابەرە كۆن و نەریتییەكانیان.

هەڵبەت ئەمە دیاردەیەكی ئاسایی ناو هەموو حزبێكی چەپە كە هەمیشە ململانێی فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتی تیا بەدیكراوە لەدەورانی ماركس و لینین و رەوتە چەپەكانیترەوە بگرە تا ئەمڕۆ.

جا پارتی وێرای كێشە و گیروگرفت و قەیرانی دەسەڵاتەكەیان دەیەوێت رێگری لەبونی هەر دەنگێكی ئازاد و دەزگایەكی راگەیاندنی ئازادیخوازانە بكات لەبڵاوكردنەوە و گەیاندنی دەنگی چەپتر و ئازاد و نارازی لەناو كۆمەڵگادا.

بۆیە ئەگەر پارتی بەناوی حكومەت و دامودەزگا سەركوتگەرییەكانی ئەم بڕیارەی بۆ بچێتە سەرو ئەم كەناڵە دابخات، ئەوە ئیتر لێرەوە باشتر و ئاسانتر سیاسەتی سەركوت و داپڵۆسین توندتر دەكاتەوە.

بەدرككردن و هەستكردن بەم راستیانەش پێویستە لەسەر بەرەی چەپ و ئازادیخوازی بەگشتی، سەرەڕای هەر جیاوازی و ناكۆكی و رەخنەو نارەزایەتی یەك كە لەناو خۆیان هەیانە چ وەك تاكی هەڵسوڕاوی سیاسی، یاخود دەستە و رێكخراو، بەو پەڕی توانایانەوە داكۆكی لەمانەوەی كەناڵی ئازادی تی ڤی بكەن و دژی بڕیاری داخستنیبن، چونكە داكۆكی لەئازادی بێ قەید و شەرتی سیاسی و بەیان مەرجێكی سەرەكییە بۆ لایەنگری و دابینكردنی هەموو ئازادییەكان.

 

موزەفەر عەبدوڵڵا