لەپاش راپەرینە شكۆدارەكەی ساڵی 1991 لەباشوری كوردستان حزبەكانی سەر گۆرەپانی خەبات و تێكۆشان دژ بەرژێمی دیكتاتۆر سەدام حسێن و حزبی بەعسی عەرەبی لەشاخەوە خۆیان گەیاندە شار و شارۆچكەكانی كوردستان و هەر زوو خۆیانكرد بەپێشەوا و سەركردەی راپەرینەكە و ئەوەی شایانی ئاماژەیە رۆڵی درەوشاوەی حزبی شیوعی و پێشمەرگەكانی لەو راپەرینەدا دیارە و‌ بەخوێن لەگەڵ خەڵكی بەشەرەف لەهەڵگیرسانی راپەرینەكە لەدەڤەری رانیە كە بووە دەروازەی راپەرین بەشداربون.

لەگەڵ سەركەوتنی راپەرینەكە (حزبە گەورەكان) پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شەقیان لەبەرەی كوردستانیدا، ئەو بەرەیە كە لەپاش شكستەكانی رۆژانی ئەنفالی بەدناو مۆریانكرد و داوای پشتگیریان لەجەماوەری كوردستانكرد، بەڵام رۆژگار دەریخست راستگۆنەبون و هەریەك بەدوای بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كەوت و بەبێ گوێدان بەحزبەكانیتر خۆیانكرد بەخاوەنی كوردستان.

هەردوو (زلهێزەكە) كەوتوونەتە لاف و گەزافی ئازادی وەك قەوان شەو و رۆژ لێی ئەدەنەوە و باسی ئەكەن و لەناو ئەم درۆ و دەلەسەیە بەبیانوی بێ مۆڵەتی كەناڵی (ئازادی)ان داخست بۆ كپكردنی دەنگی دلێر و زوڵاڵی شیوعی و چەپەكانی كوردستان، وەك چۆن بەئارەزوو بەبێ (موڵەت) پۆلێ ئەستێرەیان لەناوبرد و بەهوێ ئەو تاوانانە لەناو گۆمەڵگا سەر شۆڕ و ریسوابون و تا ئێستا بكوژەكانیان بەشەقامەكاندا سەربەستانە تەراتێن ئەكەن‌.

دوو زلهێزەكە و حكومەتە شكستخواردوەكەیان ‌باسی كام ئازادی ئەكەن؟ ئازادی كوشتنی سۆرانی مامە حەمە، ئازادی كوشتنی سەردەشت عوسمان، ئازادی كوشتنی كاوە گەرمیانی، ئازادی لەناوبردنی رۆژنامەنوسانی بوێر و ئەكتیڤ و بەتواناو خاوەن قەڵەمەكان، ئازادی تیرۆركردنی هاوڕێیانی چەپ و شیوعی بەپێی یاساكانی دارستان و بەوەش خەڵك چەواشە ئەكەن و ئەڵێن: یاسا سەروەرە!؟

داخستنی كەناڵی (ئازادی) پەیوەست نییە بەنەبونی مۆڵەتەوە، بەڵكو پابەندە بەلوتبەرزی بەشێك لەبەرپرسانی دەسەڵاتی شكستخواردوو‌، هێرشكردنە بۆ سەر ئازادی دەربڕین و سەركوتكردنی ئازادیخوازان و سەرجەم هاوڵاتیان بۆ ئەوەی چیتر بەرگری لەمافە رەواكانیان نەكەن و دەست بۆ گەندەڵی و دزییەكانیان نەبەن، جێی ئاماژەیە ئەم كەناڵە چەندین جار هەوڵیداوە مۆڵەت وەربگرێت و لەساڵی 1994ەوە ئەم كەناڵە لەكوردستان كار ئەكات و نازانم كەناڵەكانی خۆیان كە بەپارەی هاوڵاتیان كار ئەكەن مۆڵەتیان هەیە؟ كێ موڵەتی پێداون؟

باسی كام ئازادی ئەكەن؟ باسی كەناڵی ئازادی ئەكەن یان ئەو ئازادییەی درا بەو فەرماندە و بەرپرسانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەشەنگال هەڵاتن و بوونە هوێ شەهیدكردنی هەزاران كوڕ و پیاوی ئێزدی و بردنی هەزاران كچ و ژنی كوردی ئێزدی بەكەنیزەك بۆ موسڵ و سوریا و فرۆشتنیان لەبازارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی ــ داعشی ــ بۆگن و دێز.

ئازادی بۆ تاوانبارانی هەڵاتوو بەرپرس و فەرماندە گەورەكانی پارتی لەشەنگال‌؛ سەربەست باپیری، موسا گەردی، شیخ عەلۆ، سەعید كیستەیی و ژمارەیەكی تری ئەفسەری پلە بەرز كە سەرجەم ئەو بەرپرسە سەربازی و حزبییانەی پارتی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرپەرشتی ئەكران، ئەگەر ئازادی بۆ ئەو تاوانیارانە نییە، كوا بەڵێنەكانی مەسعود بارزانی كاتێ رایگەیاند؛ ئەو كەس و بەرپرسانەی ئەركی پاراستنی شەنگالیان لەئەستۆبوو لەسەر كارەكانیان لادەبرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت لەسەر كەمتەرخەمیان، بارزانی وتی؛ دەبوو ئەو بەرپرسانە خۆیان فیدا بكردایە، نەك شەنگالیان بەجێهیشتایە.

باسی كام ئازادی ئەكەن؟ ئازادی كەناڵی ئازادی یان ئازادی بكوژەكەی بارزان رەشید بەهوێ هەڵكردنی فول لایت، كام ئازادی؟ ئازادی بۆ ئەفسەرە پیاو كوژەكە كە بەبەر چاوی خەڵك لەترافیكلایتێكی هەولێر بەدەمانچە تەقەیكرد و كۆتایی بەژیانی گەنجێكی بێتاوان هێنا، چونكە بكوژەكە خزمی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتییە خوێ رادەستی دادگا نەكرد و ئەڵێن؛ یاسا سەروەرە!

باسی كام ئازادی ئەكەن؟، ازادی رێكەوتنی 50 ساڵەی هەرێم و توركیا، ئەو رێكەوتنە نهێنییە جێی گومانە، نەتەنها خەڵكی كوردستان، بەڵكو پەرلەمانی كوردستانیش ئاگایان لەناوەڕۆكەكەی نییە و ئەو كەسانەی ئازادییان (پێ بەخشراوە) ئەڵێن؛ ئامانجی سەرەكی لەو رێكەوتنە پتەوكردنی بواری بازرگانییە لەنێوان هەرێم و توركیا، ئەگەر باسی ئازادی ئەكەن با سەرۆك وەزیران و ئاشتی هەورامی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بۆ رای گشتی بڵاوبكەنەوە.

پارتی باسی كام ئازادی ئەكات؟ ئازادی بدرێت بەتوركیا بۆ داگیركردن و قركردنی كوردستان، ئازادی بەزاندنی سنوری كوردستان و زیادكردنی مۆڵگەكانی توركیا، ئازادییەك دەستی رژێمی رەگەزپەرستی توركیا واڵا بكات بۆ توپبارانكردنی دێهات و شاخ و سامانی كوردستان، فرۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر ئارەزومەندانە بۆمبارانی هەموو شوێنێك بكەن و خەڵكی سڤیل و بێ تاوانی هەرێم بكوژن و خوێنی شەهیدان بەفیرۆ بڕوات، سەبارەت بەم پرسە پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی خۆیدا بڕیاریدەركرد كە بارەگا سەربازییەكانی سوپای توركیا لەخاكی هەرێمی كوردستان دابخرێن، بەڵام ئەو بڕیارە هەرگیز نەخرایە بواری جێبەجێكردنەوە و توركیا لەكوردستان بێباكانە و بەئازادی پەرە بەكارە گڵاوەكانی ئەدات.

كام ئازادی؟ توركیا بەئاشكرا رۆژ لەدوای رۆژ هێز و تەقەمەنی و تفاقی شەڕ و چەكی قورس و مۆدیرن و تانك و هەلیكۆپتەر رەوانەی كوردستان ئەكات و راشكاوانە و بێ شەرمانە بەرپرسانی تورك ئەڵێن؛ نیازمان لێدان و داگیركردنی قەندیلە و ئازادانە بەرپرسانی پارتی پێشوازییان لەسوپای توركیا كرد و لەمانگی رەمەزان خوانیان بۆ ئامادەكرد و پێكەوە‌ نانیانخوارد.

پارتی باسی كام ئازادی ئەكات؟ هەر لەدهۆكەوە تا ئەگاتە پیرمام و سەری رەش و ناوچەكانی تر بەكەسانی هەواڵگیری (میت) تەنراوە و مەبەستی سەرەكییان مۆڵەتی هەناسە بەدانیشتوانی كوردستان نەدەن.

بژی ئازادی، نا بۆ داخستنی كەناڵی ئازادی.

 

ئەحمەد رەجەب