ئاگر لە چەند کۆگایەکی کۆمسیۆن لە گەڕەکی گەیلان لەبەری ڕەسافەی شاری بەغدا کەوتەوە و لیژنەی ئەمنی بەغداش ڕایگەیاند، چەند کۆگایەکی سندوقەکانی دەنگدان سوتاون . ئەمە دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق بوو بۆ ژماردەنەوەی هەموو دەنگەکان بەدەست. ئەوانەی تەنیا دەنگە سوتاوەکان دەبینن داماون چونکە لەبەر ئەم دارانە ناتوانن دارستانەکە ببینن کە سوتاوە. سوتانی ئەم دەنگانە هەر کاریگەریەکی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبێ زۆر گرنگ نیە لە دیموکراسیەکی سوتاودا.
ئێستا حزبە براوەکان باسی ئەگەر شەڕی ناوخۆ دەکەن لە ئەگەری درێژەکێشانی فشار بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. ئەمە ئەو ئاگرەیە کە نەک سندوقەکانی دەنگدان بەڵکو دەنگدەرەکانیش دەگرێتەوە ئەگەر سوربن لەسەر دۆزینەوەی دەنگەکانیان. ئەمە پێی دەڵێن دیموکراسی سوتاو و پەرلەمانی ڕەش. ئەوانەی خەیاڵی گۆڕینی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستەمی میلیشییایی مەزهەبی و قەومی دەکەن لە عیراقدا دەبێ هەست بەگڕوتینی ئەم ئاگرە لەژێر پێێاندا بکەن و چارەیەکی تری بۆبدۆزنەوە ئەگینا هەموو دەنگدان و هەڵبژاردنێکیان ئاماکەی خۆڵەمێشی دەبێ.
دیموکراسی پەرلەمانی لەعێراق و کوردستاندا لە سەر زەمینی شەڕێکی ناوخۆی میلیشیا و حزبە دینی و قەومی و تایفیەکان لەسەر دەسەڵات پیادە دەکرێ و لەلایەن ئەو هێزانەوە چارەنوس و سنورەکانی دیاری دەکرێ. لەمەش زیاتر شەڕی ئەم هێزانەی عێراق و کوردستان لەناو یەکدا شەڕێکی پرۆکسی و بەوەکالەتی ئێران و سعودیە و تورکیا و ئەمریکایە، کە ١٥ساڵە هیچ ئایندەیەکی بۆ ڕێکەوتن و کۆتایی هاتن نیە و هەمان سیناریۆی لوبنانی هەیە.
ئەم پەرلەمان و دیموکراسیە پێش ئەوەشی بسوتێ هەر هەمان کاریگەری هەبوە کە دوای سوتانەکەی هەیەتی. ئەویش سوتاندنی ژیان و مافەکانی چینە هەژار و کەمدەرامەتەکانە. لەم ١٥ ساڵەی دیموکراسی پەرلەمانی لە عێراق و کوردستاندا یەک شت گۆڕاوە ئەویش دۆخی ژیان و ئازادیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و عێراق بەرەو داڕوخان و هەژاری و بێ مافی سیاسی و سەرکوتی سیاسی و ئیسلامی زیادی کردوە.ئەم دیموکراسیە پەرلەمانیە تەنیا ئامڕازێک بوە بەدەست حزبە ڕەنگاوڕەنگە بورژازیەکانەوە تا لەسەرەوە ئەم هێزە ناکۆکەکانە هەوڵی گۆڕینی ڕێژەی کورسی و داهاتەکانیان پێ داوە و هیچ کات مەسەلە کێشەکانی ژیان و ئازادیەکانی چینەکانی خوارەوە نەبوە. ئەمانە لەهەموو شتێکدا ناکۆکن تەنیا لەسە یەک شت کۆکن و یەک لیستن لەسەر بەرنامەی کەمکردنەوەی موچە و دابینەکردنی خزمەتگوزاری و سەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانە لە پەرلەمانی عێراق و کوردستاندا.
لەهەموان داماوتر لیستی حزبە دیموکراسیە سوتاوەکانی کوردستانە. ئەمانە دەچون لە بەغداد و لای عەبادی و سەدر و مالیکی و ئێران و ئەمریکا و لەهەر دەرگایەکیان دەدا کە حاکمێکی دادپەروەری عێراقی پەیدابکەن تا فیدرالیەکەی یەکێتی و پارتیان بۆ بکات بە لامەرکەزی تاکو بەشە دەسەلات و داهات لەو مەهدیەیان وەرگرن بەڵام دەرچوو کە مەهدیەکەی بەغداد خۆی دیموکراسیەکەی سوتاندوە.ئای چ کۆڵەواریەکی فکری و چ داڕمانێکی سیاسی و ئەخلاقیە سەرتاپای بورژوازی کوردی بە میلیشیایی و خۆشخەیاڵە دیموکراسیەکانی تێ کەوتوە. کەدیمەنی پەرلەمانتارانی ئەم حزبە ناسیونالیست و ئیسلامی و گۆڕانخواز و پەیمانی دیموکراسیە دەبینی بەدیار دەنگە سوتاوەکانیاندا دەگەڕین لە خۆڵەمێشەکەی بەغداددا دەزانی کە چی دەبێ بگۆڕێ لە مەیدانی سیاسی کوردستاندا و چ بۆشاییەکی گەورە لە نوێنەرایەتیکردنی سیاسی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخوازی کوردستاندا هەیە؟ خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی بەغداد و هەولیردا نوێنەرایەتی خۆی بسەپێنێ پێویستی بە دروستکردنی هێز و بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەریە کە دۆش دانەمێنێ بەدیار دیموکراسی سوتاوە و بزانێ کە ئەم دیموکراسی پەرلەمانیە ناوەرۆکی چینایەتی هەیە و لەسایەی ئەم هێزانەدا هەر ئەم خۆڵەمێشەی لێ دەردەچێ. ئومیدی ئەم هێزە سیاسی و جەماوەریەی خەڵک دەبێ لە گەشەپێدانی ئەو هاتنە مەیدان و ناڕەزایەتیانەدا بێت کە پێش لە هەڵبژاردنەکان سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە و توانی چەند موچەیەک لەدەستی پارتی و یەکێتی بپچڕێنێ. ئەم هێزە ئەگەر ببێتە خاوەنی ڕیکخراو و کۆمەڵەی لۆکاڵی و سەراسەری دەتوانێ موچە و دیموکراسی چینە هەژارو کەمدەرامەتەکان نمایش بکا لەسەر شەقام و لەپەرلەماندا کە تیایدا بەرنامە کانی حکومەت و دەستوری کۆبونەوەکانی پەرلەمان بکاتە مەسەلەی دابینکردنی خزمەتگوزاری و موچە و مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش یان خەتەری شۆڕش و ڕاپەڕین، هەروەک ئێستا لە ئەردەن دەیبینین و لە ١٧ شوبات و خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکانی کوردستاندا هەمیشە تارماییەکەی بەسەر سەری دەسەلاتدارانەوە دەبینرێ.