ئه‌حمه‌د حامد

هەر كەس و لایەنێك بەچاكی لەواقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان تێگەیشتبێت، ئەبێ لێی رون بێ و بەلایەوە سەیر و سەمەرە نەبێت كە ساختەكاری بەهەر شێوەیەك سەربگرێ و سودی تایبەتی لێ وەربگیرێ، بۆ هەر لایەن و پێكهاتەیەك بێ بەهیچ جۆرێك گوێی لێ ناگرێ، بەلًكو چەمكێك ئەبێ لەكردەوەی هەڵبژاردنەكە، چونكە ئەم ساختەكارییە دەرهاویشتەی ململانێی سیاسی و چینایەتییەكەیە، مێژووی هەڵبژاردنەكان لەساڵی 1992ەوە تا ئەمڕۆ ئەو راستییە ئەسەلمێنێ‌، ئەو ساختەكاریانەش شانبەشانی بەرەو پێشوەهاتنی تەنكەنەلۆژیا ئامێرەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكان شێوازی نوێتر وەرئەگرن بۆ زامنكردنی شوین و دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و لایەنە زلهێزەكانی وڵاتەكە.

بەواتایەكی دیكە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە هەرگیز لەخزمەتی ئەو كەس و لایەنانەدا نابێت كە بەتەنگ زۆرینەی چەوساوەكانەوە بێ، تەنانەت ئەگەر پشت بەهێزی جەماوەر ئەو كەس و لایەنانە چەند كورسییەك بەدەست بێنن ئەوا لەگۆماوی زۆرینەی نوێنەرانی ساختەكارەكاندا ئەتكێنرێن.

لەم هەڵبژاردنەدا 12ی ئایاری 2018 لەهەرێمی كوردستاندا لایەنە چەپ و دیموكراس خوازەكان ئەو هێزە جەماوەرییەیان نەبوو كە دەسەڵاتداران لێیان بترسێن، ئەوەبوو وەك دەركەوت ساختەكارییەكە بەپلەی یەكەم دژی یەكتری بوو، واتە دەسەڵاتداران دژی یەكتری بەجۆرێكی بێ وێنەپەیِرەویانكرد هێندەی تر ناكۆكییەكانیان قوڵبوونەوە، لەلایەكی ترەوە چەپ و دیموكراسخۆزان دەبێ ئەو راستیەشیان لەلاڕون بێ كە ئەم هەرێمە دوور و نزیك كەوتووەتە نێو بەرداشی كێشمەكێش و ململانێی نێودوڵەتانەوە، واتە ئەو دەوڵەتانەش كە چاویان بڕیوەتە بازاڕ و سامانی ئەم هەرێمە و هەرێمەكەیان دەست و پێوەندی خۆی هەیە، بەبێ گومان ئەمانیش بەهەر جۆرێك بۆیان بلوێ دەست لەشێوازی ساختەكارییەكان بەجۆرێكی كاریگەرتر وەر ئەدەن لەپێناو سەرخستنی دەست و پێوەندەكانیان، یان بەواتایەكی تر لەپێناو زامنكردنی بەرژەوەندی خۆیاندا، هەربۆیە وەكو بڵاوكرایەوە یاری بەئامێرە ئەلیكترۆنییەكانكرابوو، ئالێرەوە پێموایە و دروستترە كە چەپ و دیموكراسخوازەكان بەم جۆرە واقیعە سیاسی و چینایەتی و كۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی دەوڵەتە بیاینییەكان بخوێننەوە و تێبینی بكەن.

هەروەها خۆیان و جەماوەرەكەیان ماندوو نەكەن بەئەركێكەوە كە ئەنجامەكەی ئەوسەری بەئاشكرا دیارە، ماندوبوونەوەكەیان بەزایە ئەچێ! بەڵكو خۆماندوكردنەكە ئەبێ ئێستا دەستپێبكرێت، كێ ساختەكاری كردووە؟ لەپێناو چیدا؟ چۆن ساختەكاری ئەنجامدرا؟ رۆڵی دەوڵەتە بیانییەكان چی بووە؟ ئەبێ خەڵكی رەنج و ماف خوراو لەم كار و كۆدەوانە تێبگەیەنرێ، ئەم جۆرە رەفتارە ناڕەوایە یاریكردن بەچارەنوسی زۆرینە كە 26 ساڵە پەیڕەو ئەكرێ و پێویستە جەماوەرەكە رونبكرێتەوە.

تێیان بگەیەنن كە ئەم هەراو بەزم و هەڕەشە و گوڕەشەیە دژی یەكتری كە یەك ئەوەكەی تر بەساختەكار دائەنێ‌ هەرگیز لەبەر خواست و ویستی كۆمەڵانی خەڵك نییە، بەڵكو لەپێناو هەریسەكەیە! هێز و لایەنی چەپ و یموكراسخوازان ئەبێ بەوردی واقیعە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكە بخوێننەوە و پێشبینی بكەم ئەوسا هەڵوێستی خۆیان دیاریبكەن، سەبارەت بەو ئەركەی بەرەوپیری دێت لێكی بداتەوە كە ئاخۆ بەشداریكردن تێیدا سودی زیاترە یان زیان؟ پێشینانیش وتویانە؛ قسەیەك بكە سەربگرێ، كارێك بكە بەربگرێ..