دوای كۆتایی هاتنی جەنگی یەكەمی جهیانی و روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هێزە كۆڵۆنیالیستەكان هەستان بەدابەشكردنی ناوچەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستكردنی دەوڵەتی نوێ لەناوچەكە وەكو عێراق، سوریا و توركیا، خاكی كوردستانیش دابەشكراو لكێنرا بەو دەوڵەتانە و ئەم دەوڵەتانەش فرە میلەت بوون و هێزە كۆڵۆنیالیستەكان دەسەڵاتی سیاسییان بەخشییە نوێنەرانی ئەو میللەتانەی كە زۆرینەیان پێكدەهێنا، لەتوركیا توركەكان دەسەڵاتی سیاسییان وەرگرت و لەعێراق و سوریاش عەرەبەكان، ئەو فەرمانڕەوانە لەعێراق، سوریا و توركیا كە لەلایەن دەوڵەتە كۆڵۆنیالیستەكانەوە دانران هەموو جۆرە چەوسانەوە و ملهوڕییان دژ بەمیللەتانی وڵاتەكە و كەمینەكانیتر لەوانەش میللەتی كورد بەكارهێنا، بێبەشیانكردن لەسادەترین مافەكانی خۆیان لەو مافانەش مافی چارەی خۆنووسین.

لەو كاتەوە؛ میلەتی كورد لەو وڵاتانەدا دەناڵێنێ لەژێر زەبری سەخترین جۆری چەوسانەوە و ملهوڕی، چەندین شۆڕش و راپەڕینی چەكداریانەی بەرپاكرد لەپێناو دامەزراندنی قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ لەهەموو هەرێمەكانی كوردستاندا، لەوانە لەكوردستانی باشوور (هەرێمی كوردستان لەعێراق) كە لەكۆتاییدا گەیشتە دەسەڵاتی فیدراڵی و دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمانی تایبەت بەخۆی و بوونی جۆرێك لەفەرمانڕەوایی خۆجێیی، چەندین ناكۆكی دروستبوو لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم لەسەر مەسەلەی جۆراوجۆر و گەورە كە پەیوەندی بەجێبەجێكردنی دەستوور و چارەسەركردنی كێشەی سنوری هەرێم و ناوچە كێشە لەسەر یان جێناكۆكەكان بەتایبەتی كەركوك كە ڕێككەوتنی لەسەركرابوو لەژێر سەرپەرشتی هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێم ریفڕاندۆمی تیا ئەنجام بدرێت، هەروەك چۆن هاتووە و داواكراوە لەدەستوری عێراقیدا، جێگای باس كردنە؛ پێكهاتە سروشتییەكان سنوری هەرێمی دیاریكردووە لەڕێڕەوی زێی فیشخابورەوە بۆ نێو روباری دیجلە تا دەگاتە سەرەتا و دەروازەی شاخەكانی حەمرین و تا كۆتاییەكەی لەئێران، كێشەیەكیتر؛ ناكۆكییەكانە لەسەر سامانی نەوت و مافی بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی لەلایەن هەرێم و چەندین تەنگژەی تری زەق كە تا ئەمڕۆ بێ چارەسەر ماونەتەوە كە وایكردووە پەیوەندییەكانی هەردوولا ئاڵۆزو پڕ كێشە بێت، ئەمەش چەندین گرفتی بەدوای خۆیدا بۆ هاوڵاتییان هێنا لەهەرێم لەهەموو بوارەكانی ژیاندا چ ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی، چونكە ماوەیەكی درێژە بێبەشكراون لەمووچەكانیان، حكوومەتی ناوەند بەشی هەرێمی لەبودجەی گشتی بڕیوە كە ئەمە موچەی پێشمەرگەش دەگرێتەوە، هەروەها خەمساردی حكوومەتی هەرێمیش لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، لەوانە موچە هەرچەندە لەتوانایدا هەبووە و ناردنە دەرەوەی نەوت درێژەی هەبووە، هەموو ئەو دۆخەی باسكرا كاریگەری هەبووە بەسەر پەیوەندییەكانی هێزە كوردستانییەكان لەگەڵ یەكتر و سەنگەربەندی دژ بەیەك هەرگیز ناچێتە بەرژوەندی گەلی كوردستان.

مافی گەلی كوردستانە كە داوای ئەوە بكات خۆی چارەنوسی خۆی دیاری بكات، ئەمەش بەمانای جیابوونەوە نایەت، بەڵكو یەكگرتنێكی برایانە دەكرێ هەڵبژاردە بێت بۆ هەردوو گەلی عەرەب و كورد و هەموو میللەتان پێكهاتەكانیتری ناو عێراق، ئەم تێگەیشتنە دەبێ تێگەیشتنێكی روون بێت لەلایەن بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و هەموو هێزە سیاسییەكان لەعێراق، چونكە ئەم كێشەیە هەرگیز پێویستی بەهەڵخەڵەتاندن و لەخشتە بردن نییە.

كێشەی دیاریكردنی مافی چارەنوس موڵك و پاوانی ئەم حزب و ئەویتر نییە، كێشەیەكی كەسی نییە، بەڵكو كێشەی سەرجەمی گەلە، بۆیە پێویستە بەجدی كار لەسەر یەكگرتنی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بكرێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پڕ بەهایە كە پیرۆزە لەلایەن هەموو مرۆڤێكی كوردستانی، چونكە ئەوە خەونی گەورەی هەمووانە، هێزە كوردستانییەكان نابێ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هاودەنگی رای گشتی جیهانی فەرامۆش بكەن بۆ ئەوەی لایەنگرمانبن و پاڵپشتی كێشەكەمان بكەن لەنێوەندە نێونەتەوەییەكان و كاربكەن بۆ بێلایەنكردنی دەوڵەتانی دراوسێ و نەهێشتنی دڵەڕاوكێ بەرامبەر بەو پرسە.

بە داخێكی زۆرەوە؛ هەموو ئەو مەسەلانەی باسكران لەسیاسەتی گشتی هەرێم رەچاو نەكراوە، هەروەها تا ئێستاش یەكگرتنی هێزە كوردستانییەكان بەدی نەهاتووە و ناكۆكییەكان قوڵتر دەبێتەوە، لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 ئەو ناكۆكییانە رەنگی دایەوە كە بووە هۆی پەرت و بڵاوكردنی هێزەكانمان و دەنگی دەنگدەرانمان، چەند جوان دەبوو ئەگەر هێزە كوردستانییەكان بەیەك لیستی یەكگرتوو بەشداریان كردبا، بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتییان فەرامۆش كردبا و رووی سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندی كوردستان و گەلە پاك و تێكۆشەرەكەی بووایە كە قوربانی گەورەی لەگیان و ماڵ و موڵكدا بۆ گەیشتن بەئەنجامێك بۆ پرسە ڕەواكەی كە بەداخەوە حزب و هێزە كوردستانییەكان پشتیان لەو پرسەكرد لەدۆخێكدا كە بیركردنەوە لەبەرژەوەندی گشتی بزربوو.

ئەوەی ڕوویدا بەسەرچوو؛ ئێستا كاتی ئەوە نییە بگەڕێینەوە بۆ ئەقڵێكی گشتی و هەمەلایەن؟ كاتی لێكتێگەیشتن نییە؟ ناڵێم كاتی (سازش) بۆ یەكتر، چونكە سازش لەناو ئەندامانی یەك ماڵدا نەنگی نییە. ئێستا ئێمە زۆر پێویستمان بەیەكگرتنە لەنێوان خۆمانداو پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانی بەهێز تا شان بەشان هەنگاو بنێین بۆ بەدەستهێنانی كۆمارییەكی فیدراڵی برایەتی بەویستی خۆمان.

كەریم ئەحمەد، سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستان