ئاسۆ شەشۆیی - سوید

دكتۆر كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لە25هەمین ساڵیادی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان و یەكەمین ساڵ یادی كۆچی دوایی هاوڕێی سەركردە عەزیز محمد ووتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا رای گەیاند: حزبمان پێی وایە، گەڕاندنەوەی هەیبەت بۆ چەمكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بۆ ئەرك و ئامانجی ئەو بزوتنەوەیە ئەركێكی سەرەكییە و پێویستە هێزی چەپ لەكوردستاندا رۆڵێكی كاریگەری تیادا ببینێت.

ماڵپەڕی ئازادی دەقی ووتارەكەی دكتۆر كاوە بڵاو دەكاتەوە:

بەڕێزان ئەندامانی سەركردایەتی و نوێنەری حزبە سیاسییەكان

بەڕێزان بەرپرسە حكومییەكان

بەڕێزان سەركونسوڵی ووڵاتانی دۆست

هاوڕێیانی خۆشەوویست، ئامادەبووانی ئازیز

ئامادەبوونتان لەیادی 25 ساڵڕۆژی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان و یادكردنەوەی ساڵڕۆژی ماڵئاواییكردنی سەركردەی مێژوویی حزبمان هاوڕێی تێكۆشەر عەزیز محەمەد كە دەبووایە پێش جەژن ئەم بۆنەیە بكرایەو بۆ ئەم كاتە دوامانخست مایەی پێزانین و خۆشحاڵیمانە.

هەرچەندە لەبواری مێژوویی و رێكەوتی ڕووداوەكاندا پەیوەندی نێوان ئەم دوو بۆنەیە نییە، بەڵام پەیوەندی گرنگ و ئۆرگانی نێوان ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان و هەوڵ و كۆششی هاوڕێی تێكۆشەر عەزیز محەمەد سەبارەت بە ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان هەیە. پێش ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ڕێكخراوی هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعی عێراق كە بەشێوەیەكی مێژوویی ڕێكخراوی شیوعییەكانی كوردستان بوو، چەندین پەرەسەندنی مێژوویی لەبواری ڕێكخستندا بە خۆیەوە بینیوە تا گەیشتووەتە ڕاگەیاندنی وەك حزبی شیوعی كوردستان سەربەخۆ لەبەرنامەو پەیڕەوی ناخۆ و شیكردنەوەی سیاسی بەبوونی پەیوەندی كاری ڕێكخراوەیی هاوبەش و جۆرێك لە تێكەڵبوون لەگەڵ هاوڕێیانمان لە حزبی شیوعی عێراق تا گەیشتن بەپەیوەندی ئێستامان لەدوای گۆنگرەی شەشەمی حزبی شیوعی كوردستان كەلەگەڵ حزبی شیوعی عێراقدا وەك دوو حزبی برا، سەربەخۆ لەیەكتر، لەتێكڕای بوارەكان و كاركردنمان لەڕێگای هەماهەنگی و كاركردن بۆ دۆزینەوەی هەڵوێستی هاوبەش و گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ یەكتردا.

بەشێكی سەرەكی لەتێكڕای ئەم گۆڕانكارییانە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و كۆششی هاوڕێ عەزیز محەمەد چ ئەو كاتەی كە سكرتێری حزبی شیوعی عێراق بووە و دوای ئەوەش كە لەلوتكەی توانا و داهێناندا شوێنی سكرتێری حزبی بۆ هاوڕێیەكی دی كە بەجێهێشت و كە ئەمەش وانەیەكە بۆ فێربوونی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتی حزبی و گۆڕانكاریكردن لە دەستەی سەركردایەتی و بێ ئەوەی قەیرانی ڕێكخراوەیی بۆ ئەو حزبە دروست ببێت.

تێكۆشانی شیوعییەكانی كوردستان و قوربانی دانیان و داكۆكیكردنیان لەزەحمەتكێشانی گەلەكەمان و رابەرایەتیكردنی راپەڕینەكانی جوتیارانی دزەیی، وارماوا، شارەزوور، عەربەت و قوربانییەكانیان لەڕووبەڕووبوونەوەی فاشستەكان لەزینداندا دیسانەوە قوربانییەكانیان لەشۆڕشی چەكداری گەلەكەمان هێجگار درێژترە لەتەمەنی 25 سالەی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان، ئەم هۆیە بوو حزبی شوعی كوردستان 31ی ئاداری 1934 بەیادی دامەزراندنی خۆی دادەنێت و هاوڕێی تێكۆشەر(فەهد)ی قارەمان بەدامەزرێنەری خۆی دەزانێت و هاوڕێی تێكۆشەر عەزیز محەمەد بەسەركردەیەكی سەرەكی و مێژیینەی حزبی شیوعی كوردستان دادەنێت كە لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی سەركردەی تێكۆشەر كە بەشێكیان ماڵئاواییان لێكردین و بەشێكی دی كەیان هیوای تەمەندرێژییان بۆ دەخوازین لەوانە هاوڕێیانی تێكۆشەر كەریم ئەحمەد و عومەر عەلی شێخ كە هەموو ژیانی خۆیان بۆ كوردستان و بیری یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سۆشیالیستی تەرخانكردووە، هەردەم شیوعییەكانی كوردستان ئەوانە بەسەركردەی مێژوویی خۆیان دەزانن.

ئامادەبووانی بەڕێز

حزبی شیوعی كوردستان لە پێناوی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیدا تێدەكۆشێت، ئەم بوارەش سێ ڕەهەند دەگرێتەوە:

رەهەندی یەكەم، رەهەندی رزگاری نیشتمانی كوردستانی، كە خۆی لەمافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان و مافی بوونی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆی خۆی دەبینێتەوە، لەم ئەركەدا حزبمان پەشیمان نەبۆتەوەو بە شەرمەوە داكۆكی لە مافی بڕیاردانی چارەنووس ناكات، ئەم تێكۆشانە بنەمای سەرەكییە بۆ پاراستنی ئاشتی نێوان گەلانی ناوچەكە.

حزبمان پێی وایە ئەم بابەتە ئەركێكی سەرەكییەو پێویستە هێزی چەپ لەكوردستاندا رۆڵێكی كاریگەری تیادا ببینێت، ئەمەش بەگەڕاندنەوەی هەیبەت بۆ چەمكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بۆ ئەرك و ئامانجی ئەم بزوتنەوەیە.

رەهەندی دووەم: تەواوكردنی بەشێكی ئەركی شۆڕشی نیشتمانی دیموكراتییە كە خۆی دەبینێت لەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵات و كۆمەڵگاو فەراهەمكردنی ئازادییەكان و بنیادنانی دامەزراوەكان لەسەر بنەمای چەمكی حكومەتی باش و هاوڵاتیبوونی كوردستانی و زامنكردنی مافی ژنان و ئازادی بیر و بیركردنەوەو وەدیهێنانی سیستمێكی دیموكراتی و مەدەنی و عەلمانی، دابینكردنی مافی توركمان و ئاشوری و كلدان و سریان.

رەهەندی سێهەم: بریتییە لەزامنكردنی داوا ڕەواكانی زەحمەتكێشانی بیر و بازو فەرمانبەران و خانەنشینان، مافی چینی مامناوەندی لەكوردستاندا، ئەمەش بەسیاسەتێكی ئابووری نوێ دەبێت كە سنور بۆ بەتایبەتكردنی رەهای بوارەكانی چالاكی ئابوری و خزمەتگوزاری دابنێت، لە تێكرای ئەم سیاسەتە تا ئێستا لەسەر بنەمای رەچەتەی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پیادەكراوە و قەیرانەكانی بواری ئابوری ئاڵۆزتركردووە و نەبووەتە هۆی بنبڕكردنی گەندەڵی، جێگای داخە كە تا ئێستا سیاسەتی ئابوری پیادەكراو لەخزمەتی بۆرژوای مشەخۆر و بیرۆكرات بووە و ئەمەش بۆتە هۆی ئابورییەكی سەرمایەدای دوواكەوتوو لەسەر بنەمای ئابوری رەیعی و وابەستە پەیڕەوكردنی بازاڕی ئازادی بەربەڕەڵا لەكوردستاندا بێتە كایەوە و ئەم سیاسەتەش قەیران بەقەیرانێكی دی كە چارەسەردەكات.

بەشێك لەم بەرچاووروونییەی حزب سەبارەت بەمەسەلەی نیشتمانی كوردستانی و گرێدانی بەبابەتە‌ چینایەتییەكان، بۆ بۆچوونەكانی هاوڕێ عەزیز محەمەد دەگەڕێتەوە.

ئێمەی شیوعییەكانی كوردستان لەو تێكۆشەرەوە فێربووین، لەو تێكۆشەرەوە زۆر وانەی گرنگ فێربووین، لەسەرووی هەموویانەوە قوڵبوونەوەی خۆشەوویستی كوردستان و تێكۆشان لەپێناوی ئەنجامدانی ئەركەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و گەیشتن بەسەربەخۆیی كە ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ تێكۆشانی چینایەتی و لەپێناو جێبەجێكردنی مافەكانی كرێكاران و جوتیاران و سەر‌جەم رەنجدەرانی بیر و بازو كاركردن بۆ گەشەپێدان و بنیادنانی دامەزراوەكان لەكوردستاندا.

یەكێك لەوانە گرنگەكانی عەزیز محەمەد، بەردەوامبوونە لەسەر ئەو دەستەواژەیەی‌ كە هاوڕێ فەهد بانگەشەی بۆ دەكرد و دەیگووت ( ڕێكخستنی حزب بەهێز بكەن، ڕێكخستنی جوڵانەوەی نیشتمانی بەهێز بكەن) لەم ڕوانگەیەوە وانەی گرنگ كە ئەمڕۆش لەبواری رێكخستن و سیاسەتی هاوپەیمانی پەیڕەوی دەكەین ئەوەیە كە بزووتنەوەی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سۆشیالیزم پێویستی بە حزبێكی شۆڕشگێڕی یەكگرتوو هەیە، پێویستی بە حزبی شیوعی كوردستان هەیە، دەبێ بە ڕوونی پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و فیكری و ڕێكخراوەیی خۆی بپارێزێت و ئەم هێڵەش لە سیاسەتی هاوپەیمانی بەگشتی و یەكێكیش لەوانە هاوپەیمانی لە بواری هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان كە بوارێكی تێكۆشانە لەگەڵ بوارەكانی دیكەی كاری جەماوەری دەبێت پیادەبكرێت .

حزبی سیاسی بەنسبەت شیوعییەكانەوە جوودایە لەدامەزراندنی كیانی سیاسی بەپێی یاساكانی هەڵبژاردن كە ئەركی ئەم پێكهاتەیە بەئەنجامدانی هەڵبژاردن بەستراوەتەوە، لەكاتێكدا تێكۆشان بۆ گۆڕانكاریكردن كارێكی حزبی بەردەوام یەكجار فراوانە ‌و پێویستی بەبەردەوامبوونی كاركردنە لە ناو خودی كۆمەڵدا.

بەستنەوەی ئەم سێ رەهەندەی تێكۆشان بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی دیالیكتیكیانەو بەمانای كارلێكردنی ئەم سێ رەهەندە بەردی بناغەی بەرنامەی حزبمانە و ووردەكارییەكانی لەبەرنامەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان رەنگدەداتەوە.

یەكێك لەبابەتە گرنگەكان كە ئێمەی شیوعییەكان پەروەردەی پێكراین و هاوڕێ عەزیز محەمەد رۆڵی تیادا بینیوە، ئامادەبوونی كاری هاوبەشە و بیركردنەوەیە لەكاركردن بۆ‌ ئەنجامدانی یەكێتی ریزەكانی گەلەكەمان، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی روون و راشكاو دوور لەخۆ بەستنەوە بەهێزی دەرەكی و هەردەمیش بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكەوەبێت.

هەرلەم بوارەدا یەكێك لەخەسڵەتە بەهێزەكانی عەزیز محەمەد ئەوەبوو كە دەیزانی چۆن گوێ لەبەرامبەر بگرێت و بتوانێت لەگفتوگۆكردن لەگەڵ بەرامبەردا بەردەوام بێت و لەكاتی پێویستدا بەپێی واقیع و راستییەكان ڕاوو بۆچوونی خۆی بگۆڕێت و ئەمەش وایكرد كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەگەڵ كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستاندا هەبێت و بەردەوام لەسەر ئاستی حزبدا گوێگرێكی باش بێت و لەئیدارەكردنی ململانێكان لەنێو حزب و لەنێو كۆمەڵگادا سەركردەیەكی لێهاتووبێت، هەر ئەمەش بوو وایكرد كە لەگفتوگۆكانی ئاشتی بۆ كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ لەنزیككردنەوەی هەردوو لایەنی شەڕكەر بەرەو ئاشتی سەركەوتووبێت.

پێمانوایە ئەمڕۆ لایەنە كوردستانی یەكان لە گفتوگۆكانی دامەزراندنی حكومەتی عێراق، پێویستە سود لەم ڕێبازە وەربگرن، ئەمەش بەڕەچاووكردنی پاشخانی مێژوویی گرفتەكانی عێراق و پەیوەندی كوردستان بەعێراقەوە، ئەمەش خۆی لەبوونی قەیرانی بنیادگەری و هەیكەلییەتی دەوڵەتی عێراق بەرجەستە دەبێت، هاوكات لەگەڵ رەچاووكردنی هەلومەرجی ئێستای قەیرانەكان كە خۆی لەبوونی سیستەمی بەشبەشێنە و تایفەگەری دەبینێتەوە، ئاكامەكانی دواهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستا و بوونی تەزویر لەسەرتاسەری عێراق و سوتاندنی سندوقەكانی دەنگدان لەبەغدا و تێكشكاندنی ئامێرەكان، كۆی ئەمانە سەرجەم هێزەكانی پێشتری بەرهەمهێناوەتەوە، ئەمە جگە لەدەستێوەردانی زەقی ووڵاتانی دەرەوەو دراوسێ لەبابەتەكانی هەڵبژاردن و لەكاروباری ناخۆیی سیاسی كوردستان و عێراق.

لەم هەلومەرجەدا ڕێككەوتن لەسەر گووتارێكی كوردستانی یەكگرتوو دوور لەبەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی بەرنامەی لایەنی كەمی حزبەكوردستانییەكان دەخوازێ.

 

ئامادەبووانی بەڕێز

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوگێكی بارگرژی جیهانی یە و گۆڕەپانی ململانێی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانە كە تێكڕای ئەو هێزانە لەڕوانگەی‌ بەرژەوەندی خۆیانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەكەن، ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەندە بەچارەسەری دیموكراتییانە و عادیلانەی رەوای دۆزی گەلی كوردستان، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەئیرادەی گەلی كوردستان لەتێكڕای پارچەكانی كوردستان، ئەم بۆچوونە وا دەخوازێ كە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەڕوانگەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی كوردستانەوە لەگەڵ هۆكاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی مامەڵە بكەن.

ئامادەبووانی بەڕێز

ئەم خاڵە گشتییانەی كە باسمان كردن، بۆچوونەكانی حزبی شیوعی كوردستانەو بەردەوامبوونی رێبازی عەزیز محەمەد و جەمال حەیدەری و نافع یونس و سەرجەم ئەو شەهیدانەیە كە ئەركێكی قورسی خستۆتە سەر ئەو تێكۆشەرانەی كە ئەمڕۆ لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبن، هاوڕێ عەزیز محەمەد ماڵئاوایی لێكردین، بەڵام كاروانی تێكۆشان بەماڵئاواییكردنی كەسایەتییە داهێنەر و شۆڕشگێڕەكان كۆتایی نایەت، كەسایەتییە مەزن و گەورەكان دەچنە بەر سێبەر بۆ ئەوەی لەبەردەم خۆری گەش و گڵپەسەندووی ژیان شوێن بۆ تێكۆشەری نوێ بكەنەوە.

هاوڕێ عەزیز محەمەد وایكردو و باوەڕی وابوو كە حزبەكەی و گەلەكەی نەزۆك نین و كاروانی تێكۆشان بەردەوام دەبێت.

 

- نەمری بۆ یادی هاوڕێ عەزیز محەمەد

- نەمری بۆ شەهیدانی حزب و گەل

- نەمری بۆ شەهدانی پێشمەرگەی كوردستان

- بژی تێكۆشانی گەلەكەمان له سەرجەم پارچەكانی كوردستان

- بژی سۆشیالیزم

- بەرزو بەڕێزبێت 25 ساڵەی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان

- ئێوەش سەرفرازو سەركەوتووبن