فۆتۆكان/ 

لقی هەولێری كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی شیوعی كوردستان لەمەڕاسیمێكدا كتێبی (لەهەگبەی خارەخولەوە) كە سامان قەرەچوغی نوسیویەتی، بڵاوكردەوە.

لەمەڕاسیمەكەدا كە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، وێڕای ئامادەبوونی خارە خولە یەكێك لەپێشمەرگە دێرینەكانی حزبی شیوعی و بنەماڵەكەی، هاوكات دكتۆر كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەكی دیكە لەهاوڕێیان و دۆستانی حزبی شیوعی ئامادەیبوون.

لەمەڕاسیمەكەدا، سەرەڕای ووتەی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و نوسەری كتێبەكە، هاوكات كاوە مەحمود و ژمارەیەكی دیكە لەهاوڕێیانی خارە خولە قسەیانكرد و چەندین سەرگوزەشتە و بەسەر هات و یادگارییەكانیان لەگەڵ خارە خولەدا گێڕایەوە.

خارە خولە یەكێكە لەپێشمەرگە دێرینەكانی حزبی شیوعی و تا ئێستاش لەژیاندا ماوە و بەوە ناسراو كە هەمیشە گفتی شیرین و قسەی خۆشە و بەردەوام باخەڵەكانی پڕن لەچەرەزات و شیرین.

دۆستەكانی خولە، ئەو بەقارەمانی سەردەمی خۆی دادەنێن و دەڵێن لەسەردەمی پێشمەرگایەتیشدا قارەمانێكبووە و لەچەندین داستانی مەزندا هاوشانی پێشمەرگەكانی هاوڕێی بەشداربووە.

هەر لەمەراسیمەكەدا سامان قەرەچوغی نوسەری كتێبەكە بەواژۆی خۆی كتێبەكەی پێشكەشی هەریەك لەئامادەبووانكرد.