هەفتەنامەی رێگای كوردستان - هێڤا هێرش

لەرێی دیدارێكی تایبەت لەگەڵ هەفتەنامەی رێگای كوردستان، شوكور سەعید مامۆستای بەشی هونەری تیشك دەخاتە سەر رەوشی كاری هونەری و قوتابیانی ئەو بەشانە، رەخنەی توند لەدەرچوانی بەشە هونەرییەكان دەگرێت و دەڵێ‌: لانی كەم با ببنە بینەری هونەری

شوكور سەعید لە1995 لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان قوتابی بووە و لەماوەی ساڵانی خوێندنی پێنج ساڵیدا ژمارەیەك چالاكی هونەری ئەنجامداوە، لەساڵی 2000ەوە دەبێتە مامۆستا و لە2003 دەبێتە بەڕێوەبەری نوسین لەگۆڤاری شێوەكاری.

لەساڵی 2000 گروپێكی هونەری شێوەكاری بە اوی گروپی (نەو رەست) لەگەڵ پێنج لەهاوڕێكانی دروستكردووە چەند كارێكی هونەریان ئەنجامداوە ئەوە سەرەرای بڵاوبونەوەی مانفستێك لەشێوەی كەتەلۆگ.

شوكور لە 2016 كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشی زمانی ئینگلیزی تەواوكردوە.

شوكور دەڵێ: جگە لەكاری هونەری و نوسین، سەرقاڵی چەند كارێكی ترم بۆ ژیان و گوزەران، چونكە ئەو بوارەی ئێمە ئیشی تیا دەكەین ناتوانین وەكو و سەرچاوەیەك بۆ بژێوی ژیان سوودی لێ وەرگرین، ئەمەش لەبەر چەندین هۆكاری جیا جیا كە رەنگە تەوەرەكە بگوازێتەوە بۆ ئاستێكی تر. 

ساڵانە لەوڵاتی پۆڵۆنیا پێشەنگایەك دەكرێتەوە، جارێكی تر بەبەرهەمی هونەرییەوە ئەو شێوەكارە كوردە بەشداری دەكاتەوە.

رێگای كوردستان: بەبەراورد بەرێژەی دەرچوان ئەندە بینەری هونەری نییە؟

شوكور: ئەم كێشەیە خۆی ئەوەندەی پەیوەستە بەكۆمەڵگا و لاوازی كلتوری هونەریمان ئەوەندە پەیوەست نییە بەخودی پەیمانگا یاخود كۆلێژەكە، گرفتی ئێمە لەوەدایە كە ژینگەی چاومان پیسبووە بەشتی ناشرین، جوانی بەئاستەم لەنێو ئەو هەموو نەشازییە دەبینرێت، مەرج نییە ئەوەی لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان بێت ببێتە هونەرمەند، چونكە بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی دێتە ئەوێ بۆ ئەوەیە ببێتە مامۆستایەكی پیشەیی و بەئاسانی لەو قۆناغە تێپەڕێت، واتا خودی شوێنەكەش ئەوەندەی ئیش لەبەمامۆستاكردنی قوتابییەكانە ئەوەندە ئیش لەسەر زانیاری هونەری و هونەرمەندبون ناكات، بەڵام خۆ دەكرێت ئەگەر نەبنە هونەرمەند هەر هیچ نەبێت ببنە كەسانێك كە هونەریان خۆش بوێت، ببنە بینەری هونەری، هەموو دەرچوێكی پەیمانگا هونەرمەند نییە، هونەرمەندەكان ئەوانەن كە پراوەی هونەر دەكەن و نەپچڕاون لە كاری هونەری.

لەدرێژەی پرسیراەكەی پێشودا شوكور پێی وایە كە: ئەگەر خودی قوتابی ئامادەی ئەوەی تێدا نەبێت كە درێژە بەكاری هونەری بدات، ئەوا هیچ هۆكار و كردارێك نییە ئەوی بەخۆیەوە ببەستێتەوە و هیوایەكی لا دروست بكات بۆ كاری هونەری.

دەشڵێت: نەمۆزەخانەی هونەری، نەگەلەری و فیستیڤاڵی هونەری، نەگرینگیدانی كۆمەڵگا بەهونەرمەندان، هیچ شتێك نییە كە قوتابی بەخۆیەوە ببەستێتەوە، جگە لەبارگرانی ئەو بوارە هونەرییەی بەتایبەتی هونەری شێوەكاری كە بڕێكی زۆری داهات پێویستە و لەبەرامبەریشدا هیچ شتێكتك لێ دەست ناكەوێت و بەرهەمەكان لەژوورەكان بۆگەن دەبن و تۆش دەبێت ئەتێلەكەت ساڵ بەساڵ لەو بەرهەمان پاك بكەیتەوە كە داهاتێكی باشت لێ سەرف كردوون.