ئەنفال پرۆسەیەكی نەخشە بۆ كێشراوی ڕژێمی بەعس بوو كە هەر لە دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی بەعس، لاباڵی ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسێن بیرۆكەی كۆنترۆڵ كردنی هەموو عێراق بە هەر شێوازێكی دەسەڵات بێت جێبەجێ دەكەن. بۆ ئەم بیرۆكەیەش چەندین جۆری دەسەڵاتیان پەیڕەو كردووە. حزبی بەعس وەك ئایدۆلۆژیا كە میشێل عەفلەق داڕێژەر و پەیامبەرەكەیەتی لە وتەكانیدا پڕ لە بیرۆكە و ئاماژەی شۆڤێنیەتی و دڕندایەتییە. دواتر سەدام هەر وەك هەڵكەوتەیەكی خێڵەكی و بارگاوی بە شەڕەنگێزیی لە ناو ئەو ئایدۆلۆژیا شۆڤێنییە عەرەبییە خۆی دەبینێتەوە، بەڵام سەدام لە پێناو دەسەڵاتی ڕەهای خۆیدا لە ناو خودی حزبەكەیدا دەست دەكات بە لەناوبردنی ئەو جۆرە كەسانەی كە لە بەردەمیدا وەك مەترسی دەیانبینێت. كەواتە دەبێ بەم شێوازە لە خودی بەعس و سەدام بڕوانین ئایا سەدام بەرهەمی بەعسە یان بەعس سەدام بەو ئاراستەیەدا دەبات. بۆ قسە كردن لەسەر ئەم چەمكە وای دەبینم: بەعس وەك دامەزراوەیەكی سیاسی و بەرهەمهێنەری شۆڤێنیەتی عەرەبی كاریگەری نەك تەنیا لە سەر سەدام هەبووە، بەڵكو زۆر ناوەندی عەرەبییش بەو فیكرە كاریگەر بوون، سەدام ئەگەر گەشەی ئاستی فیكری و سیاسی لە ناو حزبی بەعسدا بووە وەكو گەنجێك و ئەگەرچی سەدام گرنگی بە لایەنی فكری خۆی نەدەدا، ئەو هەمیشە بیری لەوە كردبۆوە لە ڕیگەی پێگەی فیكری خۆیەوە بگاتە هەرەمی دەسەڵات، هەمیشە بیركردنەوەی بۆ هەرەمی دەسەڵات لەناوبردنی ئەو ڕێگریانە بوو لە ناو حزبدا دەهاتنە ڕێگەیەوە، هەر بەو ڕێگەیەش گەیشتە هەرەمی دەسەڵاتی و 30 ساڵ حوكمی كرد لە عێراق دا. لە پێناو مانەوەی خۆشیدا گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا. كەواتە نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت كەسێتی سەدام تایبەتمەندی خۆی هەبووە، ڕوحێكی شەڕەنگێزی تۆڵەكردنەوە بەردەوام لە ناخیدا دەركەوتووە. حزبی بەعسیش بەو پێكهاتە شۆڤێنییەوە تێكەڵ بە سەدام بوو، ئەم دوو ئاراستەیە لە خودی كەسایەتی سەدام حوسێن دا گەشەی كردووە، بەردەوام سەدام لە هەوڵی مانەوەی خۆیدا بوو.

بەرنامەڕێژییەكانی قڕكردنی كورد ئاوا دەستی پێكرد، ساڵی 1963 بەعسییەكان و كودەتاچییەكان دێنە سەر حوكم، هەر لە سەرەتادا سەدام دەكەوێتە ناو ململانێیەكی خوێناوی، بۆیە هەمیشە چارەسەری ململانێ سیاسییەكان لە ڕێگەی خوێنەوە دەبینێ. دواتر لە ساڵی 1968دا سەدام و ئەحمەد حەسەن بەكر دەسەڵات لە عێراق دا وەردەگرن، سەدام ڕاستەوخۆ نوێنەری ئەحمەد حەسەن بەكر بوو، وێنەكانی لە تەنیشت ئەحمەد حەسەن بەكرەوە دادەنرا.

لەو كاتەدا شۆڕشی كورد لە پەرەسەندندا بوو، بەعس لە لاوازی و بێهێزیدا بوو، بۆیە هەر لە ساڵی 1970 كەوتە هەوڵ بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ سەركردایەتی كورد، ئەوە بوو لە ساڵی 1974 ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاریان مۆر كرد، ڕژێمی بەعس ئەمەی بۆ ئەوە كرد تا ئەو كاتەی خۆی دەگرێتەوە، لەو لاشەوە لەگەڵ ئێران هەوڵی ڕێككەوتنی دەدا، ئەوە بوو ڕێككەوتنی جەزائیری مۆر كرد و شۆڕشی كورد هەرەسی هێنا.

 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی ئەم توێژینەوەیەی بەختیار سدیق، كلیك لێرە بكە