ئاسۆ گەرمیانی

 

سزای زیندانی پانزدە ‌ساڵ بۆ هەریەك لەو سەربازە خانەنشینە شیللییانە سەپێنرا پاش ئەوەی تاوانباركران بەكوشتنی گۆرانیبێژی میللی و تێكۆشەری گەلی شیلی ڤیكتۆر جارا كە لەمانگی سێپتەمبەری 1973 گوللەبارانكراو بەلایەنی كەم 44 گوللە نرا بەجەستەیەوە.

ڤیكتۆر جارا یەكێك بوو لەداكۆكیكارە سەرسەختەكانی سەرۆك ئەلیندی، كوشتنەكەی بووە بەڵگەیەك بۆ دڕندەیی و تیرۆری ئەو رژێمە سەربازییەی دیكتاتۆر پینوشێ لەووڵاتی شیلی لەنێوان 1973 تــا 1990 كە لەلایەن بەریتانیا و دەزگای سیخوری ئەمریكا CIA پاڵپشتی دەكرا.

11 ی ئەیلولی 1973 جەنەرال ئاگوستو پینوشێ هێرشیكردە سەر كۆشكی كۆماری و لەئەنجامدا بووە هۆی خۆكوشتنی سەرۆك سلفادۆر ئەلیندی، پاش چەند كاتژمێرێك گۆرانیبێژ جارا دەستگیركرا كە یەكێكبوو لەئەندامانی حزبی شیوعی شیلی و سەرقاڵی وانە ووتنەوەبوو لەزانكۆی تەكنیكی حكومی.

چارا برایە گۆڕەپانی تۆپی پێی شیلی كە ئەمڕۆ بەناوی ئەوە ناونراوە، لەوێدا بەهەزاران هاووڵاتی شیلی دەستبەسەركرابوون، جارا ئەشكەنجەیەكی زۆر درا، بەتایبەتی سەری و دەستەكانی پاشان درایە بەر دەستڕێژی گوللە و دواتر تەرمەكەی فڕێدرایە یەكێك لەشەقامە خۆڵەكانی سانتیاگۆ لەنزیك گۆڕستانی شار و دواتر برا بۆ توێكاریكردنی جەستەكەی.

جارا یەكێك بوو لەو هاووڵاتییە شیلی یانەی كە لەسەردەمی دیكتاتۆر پینۆشێ كوژران كە ‌ زیاتر لە3000 كەسبوون و هەڵگری بیروڕای چەپبوون.

پاش 45 ساڵ لەو رووداوە لە٤ی تەموزی 2018 بكوژانی جارا كە چەند سەربازێكی خانەنشینكراوبوون، دادگاییكران بەتاوانی كوشتنی جارا و 15 ساڵ زیندانییان بۆ بڕدرایەوە لەلایەن دادگاوە.

دادوەر میگل فاسكیز بڕیاریدا كە خانەوادەی جارا قەرەبووبكرێنەوە لەپارەی خەزێنەی ووڵاتی شیلی دەبێت.

جگە لەو هەشت كەسە تاوانبارە كە ئێستا سزادراون، بەردەوام ووڵاتی شیلی لەهەوڵی دەستگیركردنی گومانلێكراوێكی تر دایە و بەتاوانباری نۆهەم دادەنرێت و بۆ فلۆریدا كۆچی دوایكردووە كە ناوی پێدرۆ بارینتۆس و هەوڵ دەدرێت بدرێتە دادگا.