رێگای كوردستان

 

بەملیۆنان دۆلار لەپارەی پاڵپشتی ژینگە كە لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لەكۆمپانیاكانی نەوت وەرگیراوە، دیار نییە، بەرپرسانی ژینگە دووپات لەوە دەكەنەوە كە هیچ بڕە پارەیەكیان لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بەدەست نەگەیشتووە و هیچ پڕۆژەیەكیش لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بۆ ژینگە جێبەجێ نەكراوە كە ئەو پارەیەی تێدا خەرجكرابێت.

رەزاق خەیلانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارگێڕی و هونەری لەدەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بەهەفتەنامەكەی راگەیاندووە، یەك دینار لەپارەی پاڵپشتی ژینگە كە لەكۆمپانیاكانی نەوت وەردەگیرێت، رادەستی دەستەی ژینگە و سندووقی ژینگە نەكراوە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، هەر كۆمپانیایەك لەگەڵ یەكەم بەرهەمهێنان ساڵانە بڕی ١٥٠ هەزار دۆلار لەماوەی دۆزینەوە و بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێدانی نەوت بەناوی پاڵپشتی ژینگە بەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەدات، پارەكە دەخرێتە سندووقێكەوە بەناوی سندووقی پاڵپشتی ژینگە كە لە مادەی ٢٣ی گرێبەستەكانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دا دووپاتی لەسەركراوە.

خەیلانی وتیشی: بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسەكردووە، بەڵام ئەنجامێكی نەبووە، ئێمە زانیاریمان هەیە كە ئەو پارەیە لەهیچ پرۆژەیەكی بواری ژینگەشدا خەرجنەكراوە، پارەكە خراوەتە سەر ژمێرەیەكی تایبەتی بانكی و ئێمە نازانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ كراوە.

بەپێی زانیارییەكانی "ڕێگای كوردستان"، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ساڵانی رابردوودا بەشێكی بەناونیشانی سەلامەتی و ژینگە لەچوارچێوەی وەزارەتەكەدا كردووەتەوە و ئەو بەشە وەك شوێنگرەوەیەك بۆ دەستەی ژینگە بەكاردەهێنێت و ئەوەش بووەتە هۆكارێك كە وەزارەتەكە هیچ مامەڵەیەك لەگەڵ دەستەی ژینگەدا نەكات.

رۆژنامەكە نوسیویەتی، ساڵانە هەر كۆمپانیایەكی نەوت بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلار وەك پاڵپشتی ژینگە بەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەدات كە لەهەرێمی كوردستاندا زیاتر لە٦٠ گرێبەستی نەوتی واژۆكراون و چەندان لەكۆمپانیاكان بەقۆناغی بەرهەمهێنان گەیشتوون كە ئەگەر تەنیا ١٠ كۆمپانیا وەربگیرێت، ئەوە ساڵانە سێ ملیۆن دۆلاری ئەمریكا بەناوی پاڵپشتی ژینگەوە دەدەن و ئەو پارەیەش تا ئێستا دیار نییە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی زانیارییەكانی دیكە لەبارەی ئەم پرسەوە لێرە كلیك بكە