عەفان ئەحمەد ــ هەولێر

 

درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی لیست و قەوارە و ناوی كاندیدەكانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمەوە كاردانەوە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لێ دەكەوێتەوە، پەی دەڵێت كۆمسیۆن كەمتەرخەمە لەكارەكانی، دەشڵێت لایەنە سیاسییەكان راستگۆنین لەجێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەراگەیەندراوێكدا دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەهەوڵێكی مەترسیدار لەقەڵەم ددات كە درێژەدانە بەو رەوشە نالەبارەی خەڵكی كوردستانی تێكەوتووە.

دەقی راگەیەندراوەكەی پەی:-

هەوڵی لایەنە سیاسیەكان بەردەوامە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

هەروەك پێشتر لەیاداشتێكدا هۆشداریمان دایە رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە لایەنەكان لەپشت پەردەوە لەهەوڵدان بۆ دواخستنی هەلبژاردنەكان، هەرچەندە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان بۆ پەردەپۆشكردن بەلێدوان و راگەیاندن ناڕاستەوخۆ وەلامیان دایەوە بەوەی رایانگەیاند كە لیستی كاندیدانیان ئامادەكردووەو لەگەل دواخستندا نین، بەلام پێشكەش نەكردنی كاندید لەلایە لیست و قەوارە سەرەكیەكانەوە و هەڵوێستی ئەمڕۆی كۆمسیۆن ئەو گومانەی پشتڕاستكردەوە بەوەی كە بۆ جاری دووەم وادەی پێشكەشكردنی لیستی كاندیدانی درێژ كردەوە.

ئەوەی لەم رەوشەدا تیبینی دەكرێت ئەوەیە:ـ

1/ لایەنە سیاسیەكان راستگۆنین لەگەڵ ئەو پەیامانەی لەراگەیاندنەكان بەخەڵكی كوردستانی دەدەن و دوای ئەوەی دوو جاریش وادە دانرا بۆ پێشكەش كردنی لیستی كاندیدان، سەرەتا لە7 تا 14/7/2018 و دووەم جار لە14 تا 25/7/2018 كە ئەمرۆ دووا وادە بوو كەچی لە31 قەوارە تەنها 5یان لیستی كاندیدانیان پێشكەشكردووە كە هیچ كامیان لەهێزە سەرەكییەكان نین و هەر بۆیە ئەمڕۆ جارێكی تر بۆ رۆژی 29/7/2018 درێژكرایەوە.

2/ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی نەیتوانیوە وەك پێویست بەئەركی یاسایی خۆی هەڵسێ، لەبری ئەوەی یاسا جێبەجێ‌ بكات و كاتێك قەوارەكان بەدەنگ داواكارییەكانیەوە نەچوون و لیستی كاندیدانیان پێشكەش نەكرد، كۆمسیۆن دەبوایە رای گشتی ئاگادار بكاتەوە و فشار بكات تا لایەنەكان پەیوەست بن بە یاسا و بڕیارەكانەوە، كەچی سێ رۆژ پێش تەواوبونی وادەكە كۆمسیۆن رایانگەیاند كە ماوەكە درێژ دەكەنەوە و ئەمڕۆش لانی كەم دەبوایە تا تەواوبوونی وادەكە كە كاتژمێر 3ـی ئێوارەیە چاوەرێیان بكردایە نەك كاتژمێر 10ی بەیانی لەسەر داوای لایەنە سیاسیەكان بڕیاری درێژكردنەوەی بدەن!

3/ دووبارە جەخت لە یاداشتی پێشوومان دەكەینەوە كە لە21/7/2018 بڵاومان كردەوە و هۆشداری ئەوەماندا كە لایەنە سەرەكییەكان لەهەوڵی دواخستنی هەڵبژاردندان.

دیسانەوە رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كۆمەڵانی خەڵك ئاگادار دەكەینەوە كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان هەوڵێكی مەترسیدارە، درێژەدانە بەو ڕەوشە نالەبارەی خەلكی كوردستانی تێكەوتووە، درێژەدانە بەتەمەنی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو و تەمەنی حكومەتێك كە كۆلێك قەیرانی ئاڵاندۆتە گەردنی خەڵكی كوردستانەوە، لێرەشەوە لەئەگەری دواكەوتنی هەڵبژاردن مافی هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی نییە كە كەمتەرخەمن لەئەنجامدنی هەڵبژاردن و لەهەوڵدان بۆ دواخستنی، رەخنە لەو حكومەت و دەسەڵاتە شكستخواردوە بگرن كە بووەەتە مایەی نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان. 

هەر بۆیە روبەروبونەوەی ئەم جۆرە هەوڵانە و دروستكردنی فشار لەسەریان ئەركی سەر شانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆشنبیران و هەموو خەڵكی كوردستانە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

25/7/2018

 

سەچاوە، ماڵەپەڕی پەی