عەفان ئەحمەد ــ هەولێر

 

ئێوارەی ئەمڕۆ 25/7/2018 كاتژمێر 04:18 خولەك پەخشی كەناڵی ئازادی بەبڕیارێكی وەزراەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە راگیرا، بەڕێوەبەری گشتی كەناڵەكەش رای دەگەیەنێت، داخستنی كەناڵی ئازادی درێژكراوەی ئەو پێشێلكاری و دەستدرێژیانەیە كە دەسەڵات رۆژانە دەیكاتە ئازادی رادەربرین بەشێوازی جۆراو جۆر .

هیوا عومەر بەڕێوەبەری گشتی تەلەفزیۆنی ئازادی لەباری ئەو بیانوانەی كە كەناڵەكەی پێ داخراوە دەڵێت: بیانوی داخستنی كەناڵی ئازادی نەبونی مۆڵەتە لەكاتێكە لەساڵی 1992وە ئەم كەناڵە لەهەرێمی كوردستان كار دەكات، چەندین جار سەردانی لایەنە پەیوەندارەكان و بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆكراوە بێ‌ ئەنجامبووە لەوەرگرتنی مۆڵەت. 

هیوا وتیشی : ئێمە ئامادەین پارەی ساڵانە بدەین، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری ئامادە نییە پارەكەمان لێی وەربگرێت .

"پێوەری پێدانی مۆڵەت و رێگادان بەكاركردن بەدەزگا راگەیاندنەكان لەسەر بنەمای ئەوەیە تاچەند ئەو كەناڵە لەخزمەتی چینی حكومرانی هەرێمە" هیوا وای ووت.

بەڕێوەبەری گشتی تەلەفزیۆنی ئازادی وتیشی: هەفتەی رابردوو لەسیمنارێك لەشاری هەولێر مەترسی كێشەكانی بەردەم مۆڵەتی رادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕێكخستنی فریكوێنسیمان لەهەرێم خستەروو ، لەسیمینارەكەدا گەیشتینە ئەو تێگەیشتنە گشتییەی كە تا بەئێستا مۆڵەتی رادیۆ تەلەفزیۆن و رێكخستنی فریكوێنسی لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەك رێكخراوە كە دەسەڵاتی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان ئاوەڵاكراوە بۆ ئەوەی بەپێی پێوەری بەرژەوەندی چینی باڵادەست مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و مۆڵەت بدرێتە ئەو كەس و لایانانەی كە وەك خۆیان بیردەكەنەوە ئەوانتیریش رەتبكرێتەوە .

هیوا عومەر وتیشی: داخستنی كەناڵەكەمان لەكاتێكە بەپارەی خەڵك چەندین دەزگای راگەیاندنی گەورە لەكوردستان كاردەكەن و كەس ناتوانێت لێیان بپێچێتەوە . 

هیوا ئەوەشی ئاشكراكرد كە لەپەخشكردنی بەرنامەكانیان بەردەوامبدەن بەتایبەتی لەئەپڵیكەشینەكانمان لەئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید، هەروەها ماڵپەڕەكەشمان WWW.AZADI-KCP.TV بەدەوام دەبێت و لەسۆسیال میدیاكانیشمان لەیوتیوب، فەیسبوك و تویتەر بەردەوام دەبین.

داخستنی كەناڵەكە لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كاردانەوەی بەكارهێنەرانی لێكەوتەوە و زۆرینەی ئیدانەی ئەو كارەیانكردووە و بەهاشتاگی #نا_بۆ_داخستنی_كەناڵی_ئازادی_بەڵێ‌_بۆ_ئازادی پشتیوانی خۆیان بۆ كردنەوەی كەناڵەكە دەربڕیی.

 

تەفزیۆنی ئازادی:

كەناڵی ئازادی، وەك كەناڵێكی چەپی سیاسی گشتی لەسەر بنەماكانی گشەپێدانی مرۆیی بەردەوام و بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی یەكسانی خواز و سیكۆلار و نەهێشتنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، پەخشی بەرنامە و ژانرەكانی دیكەی كاری رۆژنامەوانی دەكات، بەلەبەر چاوگرتنی بنەماكانی ئازادی رادەربرین و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی.

كەناڵی ئازادی لە1ی ئایاری 2018دا، وەرزێكی تری كاركردنی بەدروشمی"لەپێناوی ئازادی و یەكسانیدا" پەخشی بەرنامەكانی لەسەر ئاستی كوردستان دەستپێكرد . چەند زانیارییەكی پێویست: - - كەناڵی رێگای كوردستان لە22 تشرینی یەكەمی 1992 لەشاری سلێمانی دامەزرا، پاشان ناوەكەی گۆڕدرا بەئازادی و دواتر لەشارەكانی دیكەی كوردستان (هەولێر، دهۆك، كەركوك، كەلار و رانییە) و ناوچەكانیتر كرایەوە .

رادیۆی ئازادی لە22ی نیسانی 1992 لەشاری سلێمانی بەناوی دەنگی ئازادی و دیموكراسی لەئێستادا پەخشی ئەم كەناڵە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە بەكوالێتی HD. بنكەی سەرەكی لەهەولێر - رێكای كەركوك - نزیك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە و لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان نوسینگەی خۆی هەیە.

 

- 009647704094131 

- عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

فەیسبوك

- یوتيوب