عەفان ئەحمەد ــ هەولێر

راگرتنی پەخشی كەناڵی ئازادی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەئێوارەی دوێنێ‌ 25/7/2018ەوە كاردانەوەی لێ‌ كەوتووەتەوە و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان داخستنی كەناڵەكە بەهەنگاوێكی كۆنەپەرستانەی سیاسی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەقەڵەم دەدات.

 

 

دەقی راگەیەنەدراوەكە:

داخستنی تەلەفزیۆنی ئازادی سەركوتی سیاسییە! 

 

بەپێی راگەیاندنی بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی (ئازادی)ی حزبی شیوعی كوردستان، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، دوێنێ 25/7/2018 پەخشی كەناڵەكە راگیراوە، بیانوی حكومەت نەدانی رسوماتە لەلایەن كەناڵی ناوبراوەوە، لەكاتێكدا بەڕێوەبەری كەناڵەكە ئەم بیانوە بەناڕاست لەقەڵەم دەدا.

داخستنی كەناڵی ئازادی هەنگاوێكی كۆنەپەرستانەی سیاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمە كە دەیانەوێ رۆژدوای رۆژ پەراوێزەكانی ئازادی لەكوردستان تەنگەبەربكەنەوەو پایە و كۆڵەكەكانی سەركوتی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا قایم بكەن، ئامانجی ئەوان لەم كار و كردەوەیەیان بێدەگكردنی دەنگە ناڕازییەكان و هەرجۆرە رەخنەیەكی سیاسییە كە لەدەسەڵاتی نایەكسان و گەندەڵ و تاڵانچی ئەوان دەگیرێ، دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی كورد دەیانەوێ سەرجەم حزبە سیاسییەكان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و كۆمەڵگا دەستەمۆ و ملكەچ بكەن، بێكارەیی و گەندەڵبوونی ئۆپۆزسیۆنی بۆژوازی كە بەداخەوە بۆ ماوەیەك كە تاڕادەیەك زۆر دەستی بەسەر فەزای ناڕازی كۆمەڵگادا گرتبوو، ئەو فرسەتەی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم رەخساندوە كە هێرشەكانی خۆیان بۆسەر ئازادی و مافەكانی خەڵك توندتر و چڕتر بكەنەوە.

 

ئێمە ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی كوردستان و حكومەتی هەرێم دژی تەلەفزیۆنی ئازادی بەتوندی سەركۆنە دەكەین و داواش لەئازادیخوازان دەكەین كە بەهەرشێوەیەك بۆیان دەگونجێ دژی ئەم هەنگاوە سەركوتگەرانەیەی حكومەتی هەرێم دەنگ هەڵبڕن! 

راگەیاندنی

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

26/7/2018

 

===============

ئێوارەی ئەمڕۆ 25/7/2018 كاتژمێر 04:18 خولەك پەخشی كەناڵی ئازادی بەبڕیارێكی وەزراەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە راگیرا، بەڕێوەبەری گشتی كەناڵەكەش رای دەگەیەنێت، داخستنی كەناڵی ئازادی درێژكراوەی ئەو پێشێلكاری و دەستدرێژیانەیە كە دەسەڵات رۆژانە دەیكاتە ئازادی رادەربرین بەشێوازی جۆراو جۆر .

هیوا عومەر بەڕێوەبەری گشتی تەلەفزیۆنی ئازادی لەباری ئەو بیانوانەی كە كەناڵەكەی پێ داخراوە دەڵێت: بیانوی داخستنی كەناڵی ئازادی نەبونی مۆڵەتە لەكاتێكە لەساڵی 1992وە ئەم كەناڵە لەهەرێمی كوردستان كار دەكات، چەندین جار سەردانی لایەنە پەیوەندارەكان و بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆكراوە بێ‌ ئەنجامبووە لەوەرگرتنی مۆڵەت. 

هیوا وتیشی : ئێمە ئامادەین پارەی ساڵانە بدەین، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری ئامادە نییە پارەكەمان لێی وەربگرێت .

"پێوەری پێدانی مۆڵەت و رێگادان بەكاركردن بەدەزگا راگەیاندنەكان لەسەر بنەمای ئەوەیە تاچەند ئەو كەناڵە لەخزمەتی چینی حكومرانی هەرێمە" هیوا وای ووت.

بەڕێوەبەری گشتی تەلەفزیۆنی ئازادی وتیشی: هەفتەی رابردوو لەسیمنارێك لەشاری هەولێر مەترسی كێشەكانی بەردەم مۆڵەتی رادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕێكخستنی فریكوێنسیمان لەهەرێم خستەروو ، لەسیمینارەكەدا گەیشتینە ئەو تێگەیشتنە گشتییەی كە تا بەئێستا مۆڵەتی رادیۆ تەلەفزیۆن و رێكخستنی فریكوێنسی لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەك رێكخراوە كە دەسەڵاتی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان ئاوەڵاكراوە بۆ ئەوەی بەپێی پێوەری بەرژەوەندی چینی باڵادەست مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و مۆڵەت بدرێتە ئەو كەس و لایانانەی كە وەك خۆیان بیردەكەنەوە ئەوانتیریش رەتبكرێتەوە .

هیوا عومەر وتیشی: داخستنی كەناڵەكەمان لەكاتێكە بەپارەی خەڵك چەندین دەزگای راگەیاندنی گەورە لەكوردستان كاردەكەن و كەس ناتوانێت لێیان بپێچێتەوە . 

هیوا ئەوەشی ئاشكراكرد كە لەپەخشكردنی بەرنامەكانیان بەردەوامبدەن بەتایبەتی لەئەپڵیكەشینەكانمان لەئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید، هەروەها ماڵپەڕەكەشمان WWW.AZADI-KCP.TV بەدەوام دەبێت و لەسۆسیال میدیاكانیشمان لەیوتیوب، فەیسبوك و تویتەر بەردەوام دەبین.

داخستنی كەناڵەكە لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كاردانەوەی بەكارهێنەرانی لێكەوتەوە و زۆرینەی ئیدانەی ئەو كارەیانكردووە و بەهاشتاگی #نا_بۆ_داخستنی_كەناڵی_ئازادی_بەڵێ‌_بۆ_ئازادی پشتیوانی خۆیان بۆ كردنەوەی كەناڵەكە دەربڕیی.

 

تەفزیۆنی ئازادی:

كەناڵی ئازادی، وەك كەناڵێكی چەپی سیاسی گشتی لەسەر بنەماكانی گشەپێدانی مرۆیی بەردەوام و بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی یەكسانی خواز و سیكۆلار و نەهێشتنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، پەخشی بەرنامە و ژانرەكانی دیكەی كاری رۆژنامەوانی دەكات، بەلەبەر چاوگرتنی بنەماكانی ئازادی رادەربرین و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی.

كەناڵی ئازادی لە1ی ئایاری 2018دا، وەرزێكی تری كاركردنی بەدروشمی"لەپێناوی ئازادی و یەكسانیدا" پەخشی بەرنامەكانی لەسەر ئاستی كوردستان دەستپێكرد . چەند زانیارییەكی پێویست: - - كەناڵی رێگای كوردستان لە22 تشرینی یەكەمی 1992 لەشاری سلێمانی دامەزرا، پاشان ناوەكەی گۆڕدرا بەئازادی و دواتر لەشارەكانی دیكەی كوردستان (هەولێر، دهۆك، كەركوك، كەلار و رانییە) و ناوچەكانیتر كرایەوە .

رادیۆی ئازادی لە22ی نیسانی 1992 لەشاری سلێمانی بەناوی دەنگی ئازادی و دیموكراسی لەئێستادا پەخشی ئەم كەناڵە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە بەكوالێتی HD. بنكەی سەرەكی لەهەولێر - رێكای كەركوك - نزیك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە و لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان نوسینگەی خۆی هەیە.

 

- 009647704094131 

عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

فەیسبوك

یوتيوب