عەفان ئەحمەد ــ هەولێر

فراكسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی راگرتنی پەخشی كەناڵی ئازادی لەلایەن وەزارتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمەوە راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: داخستنی ئەم كەناڵە پێشكەوتووخوازە لەكاتێكدایە كۆمەڵگای ئێمە لەژێر هەڕەشەیەكی هەمەلایەنی تیرۆر و فیكری تەكفیریدایە.

فراكسیۆنەكە دەشڵێت: كەناڵی ئازادی، سەنگەرێكی هەرە قایمی دژایەتی تیرۆر و چرایەكی گەشی دژایەتی كۆنەپەرستیبووە.

 

دەقی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی ئازادی لەپەرلەمان

پەیامی فراكسیۆنی ئازادی لەبارەی راگرتنی پەخشی كەناڵی ئازادی

هاووڵاتیانی ئازیز!

ئێوارەی 25ـی تەمموزی 2018 بەبریارێكی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەخشی كەناڵی ئازادی بەبیانوی نەبوونی مۆڵەت راگیرا، ئەمە لەكاتێكدایە بەڕێوەبەر و ئیدارەی كەناڵەكە چەندین جار هەوڵیان داوە مۆڵەت وەربگرن و هەموو ئەو رێوشوێنانەی كە پێویستە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجامیان داوە، كەچی وەزارەتی ناوبراو ئامادە نییە مۆڵەتیان پێ بدات.

كەناڵی ئازادی لەساڵی 1994ەوە بەئیمكانێتێكی كەم و دیاریكراو، خزمەتێكی مەزنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و زەحمەتكێشانیكردوە، شێلگیرانە كێشە و گرفتەكانی خەڵك و ئازارەكانیانی خستۆتەڕوو، ناوەندێكی ئەزمونگەرانەش بووە بۆ پێگەیاندنی راگەیاندنكاران.

خۆشەویستان!

داخستنی ئەم كەناڵە پێشكەوتووخوازە لەكاتێكدایە كۆمەڵگای ئێمە لەژێر هەڕەشەیەكی هەمەلایەنی تیرۆر و فیكری تەكفیریدایە، ئەم كەناڵەش سەنگەرێكی هەرە قایمی دژایەتی تیرۆر و چرایەكی گەشی دژایەتی كۆنەپەرستیبووە.

بەڕێزان!

كەناڵی ئازادی زمانحاڵی حزبێكە (حزبی شیوعی كوردستان) میراتێكی گەورەی لەتێكۆشان و روبارێكی خوێنی بەخشیوە لەپێناو دروستبونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەم ئەزمونە، كەچی ئێستا ئەو حكومەت و دەسەڵاتە رێگای كاركردن و پەخشی تەلەفزیۆنەكەی لێدەگرن! ئەمە چی بێوەفایی و كاریكی نابەر پرسانەیە؟

بۆیە لەم سۆنگەیەوە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بەبڕیاری راگرتنی پەخشی كەناڵی ئازادی بچێتەوە و بەزووترین كات ئەو كەناڵە خۆشەویستە دەست بكاتە كاركردن و پەخش .

 

لەگەڵ ڕێزدا... 

ئەبو كاروان

فراكسیۆنی ئازادی پەرلەمانی كوردستان

26/7/2018