عەفان ئەحمەد ــ هەولێر

 مەكتەبی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان رای دەگەیەنێت، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم چەندین جار رێنمای خودی خۆیا پێشێلكردووە سەبارەت بەمەسەلەی دانی مۆڵەتی فەرمی بەكەناڵی ئازادی، دەشڵێت، تێناگەین كە ئاخۆ ئەمە بەرتەسككردنەوەی ئازادی میدیاییە یان هەڵوێست ‌و سەركوتكردنی سیاسییە بەرامبەر بەڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان دەكرێت.

"بەمافی خۆی دەزانێت هەر رێگایەكی فەرمی ‌و یاسایی بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی كاری میدیایی كەناڵەكانی خۆی و فریكوێنسی بەناهەق لێزەوتكراوەكەی بگرێتە بەر‌و وەریبگرێتەوە" مەكتەبی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان وای نوسیوە.

 

 دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لەبارەی راگرتنی پەخشی كەناڵی ئازادی

 

ناڕەزایەتی دژی داخستنی تەلەڤزیۆنی ئازادی

ئێوارەی 25ـی تەمووزی 2018 بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و بەجێبەجێكردنی كۆمپانیای پەخشی كەرتی تایبەت، تەلەڤزیۆنی ئازادی ‌و چەند تەلەڤزیۆنێكی دیكەی ناوخۆ بەبیانوی جۆراوجۆر داخران كە بیانوی داخستنی تەلەڤزیۆنی ئازادی نەبونی مۆڵەتی فەرمییە، لەكاتێكدا خودی بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری بەباشی ئاگادارن كە راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و تەلەڤزیۆنی ئازادی، ئازادی سپۆرت و رادیۆی ئازادی، چەند جار و لەماوەی ساڵانی رابردوو داوای پێدانی مۆڵەتی فەرمیكردوە و هەر وەزارەتی رۆشنبیری بەنوسراوی فەرمی خۆی وەزارەتی ناوخۆی ئاگاداركردۆتەوە كە لاریان نییە لەكردنەوەی ئەم كەناڵانە، زیاتر لەجارێكیش جەختی لێكردۆتەوە، بەڵام هەموو داواكان بێ ئەنجام ماونەتەوە و تا كار گەیشتە ئەوەی بەبڕیارێكی فەوقی ‌و ناهەقانە تیڤی ئازادی دابخەن كە لایەنێكیشی مەترسی لەسەر بردنی فریكیۆنسی تەلەڤزیۆنی ئازادییە لەهەولێر و پێدانێتی بەكۆمپانیایەك بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆسیەی فەرمی.

بۆ ئاگاداری هەموو لایەك، تەلەڤزیۆنی ئازادی لەساڵی 1994ـەرەوە پەخشی خۆی دەكات و لەخزمەتی ئەركی نیشتمانی ‌و چینایەتی گەلی كوردستاندایە، لەساڵی 2009 دوای رێكخستنەوەی كەناڵەكان ‌و دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ پێدانی مۆڵەت، راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان داوای مۆڵەتی سەرجەم كەناڵەكانیكردوە و وەزارەتی رۆشنبیری ‌و گواستنەوە و گەیاندن رەزامەندیان لەسەر پیشانداوە و پاشان ئارٍاستەی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشكراوە، بەپێی رێوشوێنەكان بەدواداچوونی بۆكراوە، بەڵام لەئەنجامدا هەر ئەمڕۆ بەسبەی پێكراوە، لەساڵی 2011 بەنوسراوی فەرمی جەختی لەسەركراوە و لەساڵی 2013 جارێكی دیكە داوایەكی دیكە پێشكەش كراوە ئەویش هەروا بێ ئەنجام ماوەتەوە و دواتر لەسلڵانی 2016 و 2017 نوسراوی جەختكردنەوە و بەدواداچون پێشكەشی وەزارەتی رۆشنبیریكراوە، بەڵام هەمویان بێ ئەنجام ماوەتەوە، ئێمە لەراگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لەهەڵوێستی لایەنە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرایینەكردنی مامەڵەی فەرمی پێدانی مۆڵەتی كەناڵەكانی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان تێناگەین كە ئاخۆ ئەمە بەرتەسككردنەوەی ئازادی میدیاییە یان هەڵوێست ‌و سەركوتكردنی سیاسییە بەرامبەر بەڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدا رێنمایی رێكخستنی فریكوێنسی بەرونی دەستنیشانی ئەوەیكردوە كە ئەگەر لەماوەی 60 رۆژدا، وەڵام بەهەر داواكارییەك نەدرایەوە، ئەوا بەمۆڵەت پێدراو ئەژمار دەكرێت، كەچی وەزارەتی رۆشنبری ئەم رێنماییەی خۆی جێبەجێ ناكات.

سەبارەت بەفریكوێنسی و جێبەجێكردنی بڕیاری داخستن، تەلەڤزیۆنی ئازادی لەساڵی 1994ـەوە خاوەنی چەندین فریكیۆنسییە، لەنێویشدا فریكوێنسی 32 لەپارێزگای هەولێر كە لەناكاوداو بێ ئاگاداركردنەوە، ئەم فریكوێنسییە لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری ‌و گواستنەوە و گەیاندندا دراوەتە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت كە ئەمەش دیسان پێشیلكردنی مافی ئازادی كار و پیشەی رۆژنامەنوسییە و لەلایەكی دیكەشدا، ناشەفافییەتە لەكاركردن و بەبیانوی جۆراوجۆر بەكارهێنانی مافی گشتییە لەبەرژەوەندی كەرتی تایبەت بەتایبەتی لەبواری راگەیاندندا، ئەگەر لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان بێت.

 

راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بەمافی خۆی دەزانێت هەر رێگایەكی فەرمی ‌و یاسایی بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی كاری میدیایی كەناڵەكانی خۆی و فریكوێنسی بەناهەق لێزەوتكراوەكەی بگرێتە بەر‌و وەریبگرێتەوە.

 

مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی

حزبی شیوعی كوردستان 

26ـی تەمووزی 2018