عەفان ئەحمەد ــ هەولێر

كاردانەوەكانی دژ بەراگرتنی پەخشی تەلەفزیۆنی ئازادی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە درێژەیان هەیە، بەهادین نوری دەڵێت: هۆكاری راستەقینەی داخستنی كەناڵەكە ئەوەیە كە دەنگی شیوعیەكانیش چۆتە نێو دەنگی ئۆپۆزسیۆن.

بەهادین نوری كەسایەتی چەپ لەنوسینێكیدا لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات كە بێ دواكەوتن بڕیاری راگرتنی پەخشی ئازادی هەڵوەشێننەوە .

حیزبی شیوعی كوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی 12/5/2018دا وەك هەموو حزبەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن، رێژەیەك لەدەنگەكانی دزرا، دیاردەیەكی سروشتیبوو كە شیوعیەكانیش دژ بەم دزییە ناڕەزایی توندی خۆیان دەربڕن، كاردانەوەی ئەمەش لای حكومەتی هەرێم داخستنی فەوری ئەو تەلەفزیۆنە ناوخۆییەی حیزبی شیوعی كوردستانبوو، بەڵام هۆكاری راستەقینە ئەوەیە كە دەنگی شیوعیيەكانیش چۆتە نێو دەنگی ئۆپۆزسیۆن.

"حكومەتی 27 ساڵەی شكستخواردوو ئەوەندە لەدیموكراسی دەگات كە لەكوێ بۆی بكرێت ئۆپۆزسیۆن سەركوتبكات، دەسەڵاتداران نایانەوێ ئەزمونی رابردوی عێراق و گەلێ وڵاتیتریش بێننەوە بیری خۆیان، نایانەوێ بزانن چارەنوسی زۆردار و ئەنتی دیموكراسی بەكوێ گەیشتووە" بەهادین نوری وای نوسیوە.

بەهادین ناڕەزایەتی توند دەردەبڕێت و دەڵێت: من ناڕەزایەتی توندی خۆم دەردەبڕم و داخستنی تەلەڤزیۆنی ئازادی بەكارێكی نایاسایی ئەنتی دیموكراتی دەبینم، داوا لەوەزارەتی رۆشنبیری و حكومەتی هەرێم دەكەم بێ دواكەوتن ئەم بڕیارە دژ بەدیموكراسییە هەڵوەشێننەوە.