ئاسۆ ده‌وڵه‌ت- ستۆكهۆڵم

به‌ده‌ستپێشخه‌ری دۆستانی گه‌لی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی سوید و هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ له‌ پارتی چه‌پی سوید له‌گه‌ڵ جه‌بار ئه‌مین له‌پارتی ژینگه‌، به‌ ئاماده‌بوونی زۆرێك له‌ چالاكوان و سیاسه‌تمه‌دارو نوسه‌رو ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌كان، ڕۆژی 10 ی حوزه‌یران له‌ یه‌كێك له‌ هۆڵه‌كانی په‌رله‌مانی سوید ڕێكخراوێكی چاودێری دامه‌زرا به‌ناوی ڕێكخراوی ئه‌وروپی بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان.

سه‌ره‌تا ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ بێ لایه‌ن و سه‌ر به‌ هیچ حزب و گروپێكی سیاسی نییه‌و ته‌نها ئامانج ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاربكرێت بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان و ووڵاتانی تری جیهان كه‌ ده‌ناڵێنن به‌هۆی ساخته‌كارییه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بووان به‌ئازادانه‌ قسه‌یانكرد سه‌باره‌ت به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ڕێكخراوه‌كه‌ و چۆنێتی بوون به‌ ئه‌ندام ، پاشان پێنج له‌ دامه‌زرێنه‌ران وه‌ك ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌ستنیشان كران .

جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتار و یه‌كێك له‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ ته‌له‌فزیونی ئازادی ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ هه‌روه‌ك هه‌موو ڕێكخراوه‌ نه‌وده‌ڵه‌تییه‌كان ده‌توانێت ڕۆڵ ببینێت له‌ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاركردن بۆ نه‌هێشتنی ساخته‌كاری وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ 12 ی مانگی ئایار له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دا ڕوی داو به‌ ئاشكرا ساخته‌كارییه‌كان ده‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كان.

ڕێواس ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی نوسه‌رو چالاكوانی بواری ژنان، له‌ له‌دوانێكیدا بۆ ئازادی تی ڤی، گرنگی ئه‌م ڕێكخراوه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ران خاوه‌نی ئه‌زموونێكی زۆرن له‌ چاودێری هه‌ڵبژاردن له‌ ووڵاته‌ جیاجیاكانی جیهان و ئومه‌ده‌وار بوو كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ بتوانێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو بۆ ڕێگه‌كرتن له‌ ساخته‌ كاری.

ئاسۆ كه‌ریم زه‌ند چاودێری نێوده‌وڵه‌تی ڕای وابوو كاتێك هاووڵاتی ده‌نگی ده‌دزرێت ئه‌وا هیچ متمانه‌یه‌ك به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نامێنێنت، هه‌ربۆیه‌ دروستبوونی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوێكی ئه‌وروپییه‌ ده‌توانێت كاریگه‌رییه‌ك دروستبكات بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ ی هاوڵاتی به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها له‌ میانه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ئازادی تی ڤی باسی له‌ و ساخته‌كارییانه‌ كرد كه‌ خۆیان شایه‌تحاڵ بوون له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 12 ی ئایار و ڕاپۆرتی ته‌وای خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ داوه‌ته‌ ده‌ست كۆمیسیۆن وه‌ك چاودێرێكی نێوده‌وڵه‌تی.

تارا توانا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی ستۆكهۆڵم له‌ پارتی سۆسیال دیموكراته‌كان له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئازادی تی ڤی ، هیوای خواست كه‌ بتوانن له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م رێكخراوه‌یه‌وه‌ ڕێگری خۆیان بكه‌ن له‌ هه‌رساخته‌كارییه‌ك كه‌ هه‌ڵی بۆ بدرێت له‌ داهاتودا ، بۆ ئه‌وه‌ی مافی هاووڵاتی نه‌فه‌وتێت و دیموكراتی بچه‌سپێت به‌ تایبه‌تی له‌ كوردستاندا.

وێڕای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ڕۆژی پشووه‌ له‌ ئه‌وروپا به‌گشتی به‌ڵام سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌شداربوون بۆ له‌دایكبوونی ئه‌و ڕێكخراوه‌ نوێ یه‌.