*

ساڵانە بە نزیکەی ٣٠ هەزار دەرچوو تەنیا لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەچن، بەڵام نە کەرتی حکوومی دەرگەی دامەزراندنیان بۆ دەکاتەوە و نە کەرتی تایبەت لەخۆیان دەگرێت. خولەکانی دەرچوون لە زانکۆکاندا، زیاتر لە تەواوکردنی خولی بێکاری دەچن، وەک ئەوەی دەرچووەکان ئاماژەی بۆ دەکەن.

بەگوتەی عەباس ئەکرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێم؛ "هێشتا چەند زانکۆیەک ئاماری دەرچووانی ساڵی ڕابردوویان بۆ وەزارەت نەناردووە، لەبەرئەوە ژمارەی تەواومان نییە، بەڵام بە نزیکەیی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧دا، نزیکەی ٣٠ هەزار دەرچوومان هەیە".

ئەو ژمارەیەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بۆ دەکات، تێكڕای دەرچووانی زانکۆ حکوومییەکان بە پەیمانگەکانیشەوە دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکاندا ڕێکخراون.

وەک عەباس ئاماژەیدا؛ "ئەنجامەکانی دەرچووانی زانکۆکان بۆ ئەمساڵ تەواو نەبووە، بەڵام بەگشتی نزیکە لە ژمارەی دەرچووانی ساڵی خوێندنی پێشتر کە نزیکەی ٣٠ هەزار دەرچوون".

لە هەرێمی کوردستان دا، ١٥ زانکۆی حکوومی، ١٥ زانکۆی تایبەت و نۆ پەیمانگەی حکوومی هەیە، هەریەک لەو زانکۆیانە ساڵانە بڕوانامە بە ژمارەیەکی بەرفرەوان لە هێزی کاری ئامادە دەدەن، بەڵام بازاڕی کار لەخۆیان ناگرێت.

حازم عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە بۆ "ڕێگای کوردستان" دەڵێ؛ "ساڵی ڕابردوو هەزار و ١٤٠ دەرچوومان لە زانکۆی کۆیە هەبووە، ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی ژمارەکە هێشتا دیاری نەکراوە، بەڵام نزیکە لە ژمارەی ساڵی پێشتر، چونکە زانکۆی کۆیە ساڵانە لە نێوان هەزار تا هەزار و ٢٠٠ خوێندکار وەردەگرێت".

زانکۆی کۆیە لە ڕێی پرۆگرامێکی تایبەتەوە لە هەوڵی دیاری کردنی ئەو ژمارەیە لە دەرچووانی زانکۆکەیە کە لە بازاڕی کاردا جێیان گرتووە و کارێکیان پەیدا کردووە، بەڵام وەک گوتەبێژی زانکۆکە دەڵێ؛ "تا ئێستا ژمارەکە دیار نییە، ئیمەیڵ بۆ هەموو دەرچووەکان نێردراوە و دەبێت وەڵامەکانیان بگاتەوە زانکۆ".

ئەوە لەکاتێکدا زانکۆیەکی وەک زانکۆی سەلاحەدین ساڵانە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە سێ هەزار و ٤٠٠ تا نزیکەی چوار هەزار دەرچوو دەبەخشێت و بەپێی داتاکانی زانکۆکە تەنیا لە سێ خولی دەرچوونی ڕابردوودا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە ١٠ هەزار و ٩١٩ دەرچوو بەخشیوە.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە ماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ تا ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ بەکۆی گشتی ٢٤٣ هەزار و ٧٨٣ کەس لە زانکۆ حکوومییەکانەوە دەرچوون، کە ئەگەر دەرچووانی زانکۆ تایبەتەکانیشی بخرێتە سەر، ژمارەکە تەواو هەڵدەکشێت.

"کێشەی بێکار مانەوەی دەرچووانی زانکۆ تەنیا قەیرانی ئابووری نییە، ئەگەر قەیرانی ئابوورییش نەبێت، بازاڕی کاری کوردستان توانای لەخۆگرتنی ئەو ژمارە لە هێزی کاری ئامادەی نییە، ڕاستییەکەی، پەیوەندییەکی ڕێکخراو لە نێوان زانکۆکان و بازاڕی کاردا نییە، بەو مانایەی کە زانکۆکان خوێندکاران لەو بەشانە وەربگرن کە بازاڕی کارەکە پێویستیەتی و لەخۆیان دەگرێت، لەکاتێکدا بازاڕێکی کاری ڕێکخراویش هەر نییە"، ڕێبوار حەسەن هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە ئابووری وای گوت.

ئەو شارەزایەی ئابووری بە "ڕێگای کوردستان" دەڵێ؛ "ئێستا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە کێشەی بێکاری و لاوازی بازاڕی کار لە بەگەڕخستنی هێزی کاردا زەقتر دەردەکەوێت، بەڵام بەدرێژایی هەموو ساڵانی ڕابردوو، بازاڕی کاری کوردستان نەیتوانیوە نیوەی هێزی کاری ئامادەش لەخۆبگرێت، هێزی کار یان لەناو بێکاری ئاشکرا یان لەناو بێکاری داپۆشراودا دەخولێتەوە".

ڕوونتر دەڵێ؛ "تا ساڵی ٢٠١٣ کە حکوومەتی هەرێم بودجەیەکی باشی هەبوو، هەوڵی دەدا لە ڕێگەی دامەزراندن لە کەرتی حکوومی، لاوازی بازاڕی کار پەردەپۆش بکات، دەیان هەزار کەس بەبێ ئەوەی سوود لە توانایان وەربگیرێت، خرانە سەر وەزارەت و دامەزراوە حکوومییەکان، ئەوەش بێکارییەکی داپۆشراوی دروست کرد، ڕاستییەکەی، تەنیا هێزی کارەکە بە پێدانی مووچەیەک چاوبەست کرا، نەک ئەوەی توانا و لێهاتووییان بەگەڕ بخرێت، بەپێچەوانەوە بێکاری لە ترۆپکدا بوو، ئێستا ئەو لەشکرە لە مووچەخۆری حکوومی، بووەتە بارگرانییەک بەسەر حکوومەت خۆیەوە، کێشەکەش ئەوە نییە زیادن، بەڵکو حکوومەت پلان و بەرنامەیەکی نییە بۆ بەگەڕخستنیان".

* رێگای کوردستان