عەفان ئەحمەد - هەولێر

رۆژنامەنوسێك داوادەكات رۆتینی ژیانمان بگۆڕین ئەویش بەبەكارهێنانی پایسكیل بۆ كاروبارەكانی رۆژانەمان.

رەنج مەجید رۆژنامەنوسی رادیۆی ئازادی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك داوا دەكات هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو، لای ئێمەش وەكو نەریتێكی لێبێت كە پایسكیل بەكاربهێنین.

هاوڕێیانی ئازیز و بەڕێزم، وەرن با هەوڵبدەین رۆتینی ژیانمان بگۆڕین و چێژ و خۆشی لەژیان وەربگرین.

من وەكو خۆم هەوڵدەدەم لەپایسكلەوە دەستپێكەم و لەمەودوا تا بۆم بكرێ لەلێخوڕینی ئۆتۆمبێل دوور دەكەومەوە، خۆزگە ئێوەش وەكو منتان دەكرد، كە دڵنیام بەشێكی زۆرتان بە كوڕ و كچەوە حەز دەكەن لێخوڕینی پایسكل هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو، لای ئێمەش وەكو نەرتێكی لێبێت، یا بەلای كەمەوە ئاسایی بێت، هەر بۆ زانیاری نەوەی تازەش، لەساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو لەشاری هولێر بەشێكی زۆری هاووڵاتیان بەمامۆستاو فەرمانبەرانیشەوە پایسكلیان لێدەخوڕی.

من ماوەیەكە پچڕ پچڕ پایسكل لێدەخوڕم و پێمخۆشە بەشێك لەسوودەكانیتان بۆ باسكەم:

1ـ هەموو لایەك دەزانین سوودی تەندروستی زۆری هەیە، لەپێش هەموویانەوە بۆ لاوازبوون زۆر كاریگەرە.

2ـ خەرجی زۆر كەمە بەراورد بەئۆتۆمبێل.

3ـ ژینگە پاك ڕادەگرێ.

4ـ كە پایسكل لێدەخوڕی دەرونت زۆر ئاسوودە دەبێ و هەست دەكەی گەنج و بەهێز و پڕ ئێنێرجی.

5ـ خەمی قەرەباڵغیت نییەو لەگەڵ خۆت دەیبەیتە چەقی بازاڕ و دەیهێنیتەوە.

6ـ خەم لەشۆفێری نابەرپرس ناخۆی.

7ـ كۆتا خاڵ كە زۆر گرنگە، گیانت پارێزراو دەبێت و كەس لەسەر فوول لایت و هۆڕن ناتكوژێ.

 

وەكو دەڵێن دەستم بەهەویرەو هەر ئەوەندەم لەبیرە، ئەگەر سوودێكی دیكەتان بەخەیاڵ دادێ، بابەتەكە دەوڵەمەند بكەن و هیوادارم بەجددی بیری لێبكەنەوەو قۆڵ و باسكی لێ هەڵماڵن و ئازایانە بڕیاری لێبدەن.